مەودا میدیا-
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند “لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی بەشە نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا دەكرێت و پشكی هەر خێزانێك 100 لیتر دەبێت و وەرگرتنەكەیشی لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنیی سووتەمەنی و پارەدانی دیجیتاڵییەوە دەبێت.
بەگوێرەی نوسراوی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق كە ئاراستەی دەستە و لقەكانی دابەشكردن لە پارێزگاكان كراوە، بڕیاردراوە بە تەرخانكردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان لە پارێزگاكانی بەغدا، ناوچەی فوراتی نێوەڕاست، باشوور، دیالە و واست.
لە نوسراوەكەدا هاتووە “لە چوارچێوەی رێنماییە باڵاكان بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەكان و برەودان بە سیستمی بەبانكیكردن، وەرگرتنی نەوتی سپی تەنیا لە رێگەی كارتی سووتەمەنیی ئەلیكترۆنی و شێوازی پارەدانی ئەلیكترۆنی دەبێت و پشكی دیاریكراویش بریتییە لە 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێك كە لە رۆژی یەكشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەست پێدەكات.
وەزارەتی نەوتی عیراق جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بەشە دیاریكراوەكان و رێنماییەكان كردووەتەوە، داوایش لە سەرجەم لقەكان كراوە رۆژانە و مانگانە لە رێگەی راپۆرتی فەرمییەوە كارگێڕیی كۆمپانیا لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و هەر لەمپەرێك ئاگادار بكەنەوە.
ئ پ