دوو كەسی دیكە لەسەر رووداوەكەی كفری دەستگیركران

مەودا میدیا-
لێكۆڵینەوە لەو گەنجەی كە لە مزگەوتێكی قەزای كفری هەڕەشەی كرد بەردەوامە و دوو كەسی دیكەش لەسەر هەمان رووداو دەستگیركراون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی تایبەت بە مەودا میدیای راگەیاند “لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی دوێنێی كفری بەردەوامە و دوو كەسی دیكەش لە قەزاكە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی تۆمەتبارەكە لە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی كاغەزەكان دەستگیركراون.”

وتیشی “ئەو دوو كەسەی تر كە دەستگیر كراون یەكێكیان خاوەنی دووكانێكی كۆپیكردن یان لەبەرگرتنەوەیە و نوسراوەكەی بۆ چاپ و كۆپی كردووە و ئەوی دیكەشیان پیشەی مامۆستایە و هاوكاری كردووە لە داڕشتنەوەی نوسراوكەیدا”.

باسی لەوەش كرد “گەنجەكە پێشتر لە یەكێك لە چێشتخانەكانی ناوچەكە كاری كردووە و ئەندامانی خێزانەكەی هیچ پیشینەیەكی تاوانیان نییە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “بە وتەی كەسوكار و هاوڕێكانی، پێشتر گەنجەكە هیچ ئاماژەیەكی بیری توندڕەویی تێدا نەبووە”.

رۆژی هەینی لە كاتی وتاری هەینیدا، لە یەكێك لە مزگەوتەكانی قەزای كفری تۆمەتبارێك كە دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو، هەڕەشەی لە وتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتێك كرد و دواتر لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی گەرمیانەوە دەستگیركرا.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان