مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت ئاشکرایکرد هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی حکومەت ململانێی نا تەندرووستیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە.
مامۆستا فاتیح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیاند ” پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان دروستکردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەرەڕای عینادی سیاسیی لەلایەن هەردوو هێزی دەسەڵاتەوە، هیچ خەمێکی نەتەوەییان نییە و گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکە لەبەرچاو ناگرن، خەمی پۆستیانە و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەوان وەک پەرلەمانتاران فشارەکانیان بە رێگەی جیاواز بەردەوامە و پڕۆژەیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاودێریی بەسەر حکومەتی کاربەڕێکەرەوە گەندەڵی زیادیکردووە و هەژاری زیاتر لە کۆمەڵگا بڵاوبووەتەوە”.
ب ح