نانۆپلاستیک و کاریگەریی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی و زەوی

د.نازەنین عوسمان حەسەن

کەس نییە نەزانێت پلاستیک چییە، هەروەها دەشزانین کە کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر زەوی و زیندەوەران و هەموو زانستەکان باس لە زیانەکانی دەکەن. لەگەڵ ئەوەی جێگرەوەی نییە، رۆژ بەرۆژ بەکارهێنانی لە زۆربووندایە.

لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا، زیاتر لە دە بلیۆن تۆن لە پلاستیک بەرهەم هێنراوە، نیوەی ئەو ژمارەیە، لەدوای ساڵی (2000)ەوەیە. بەکارهێنانی پلاستیک، چووەتە هەموو بوارەکانی ژیانەوە، بۆ نموونە؛ لە بوارە سەرەکییەکاندا بەم رێژانەی لای خوارەوە بەکار دێن:

40٪ قوتوو و پێچانەوە.

16٪ دروستکردنی خانووبەرە.

14٪ جلوبەرگ.

7٪ ئۆتۆمبێل و گواستنەوە…

پلاستیک، بە شێوەیەکی سەرەکی، لە جۆرە جیاوازەکانی گەردیلەی پۆلیمەر بە رێژەی جیاواز پێک دێت لەگەڵ هەندێک پێکهاتەی کیمیایی تر، جۆرە جیاوازەکانی پلاستیک دروست دەکرێت.

بەهۆی ئەوەی پلاستیک هەرزانە و دروستکردنی ئاسانە، بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر لە زۆربەی پیشەسازییەکان بەکار دێت.

مرۆڤی سەردەم، بە پلاستیک دەورە دراوە. گەر سەیری دەوروبەری خۆمان بکەین و هەر لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین؛ لە جلوبەرگ و پێڵاوەوە تا دەگاتە گەورەترین و قورسترین پیشەسازی، پلاستیک دەبینن، تەنانەت مرۆڤ پلاستیکی گەیاندە دەرەوەی زەوی و نێو مانگ. ئەو ئاڵایەی ئەمەریکا لەسەر مانگ چەقاندی، لە پلاستیک دروست کرابوو، ئەمە جگە لەو هەموو سەتەلایتەی لە دەوری زەویدان.

کێشەی سەرەکیی پلاستیک، لە شینەبوونەوە و لەناونەچوونیدایە، نازانین ئایا رۆژێک دادێت لەناو بچێت، یان هەر دەمێنێت؟ راستە پلاستیک دەشکێت بۆ پارچەی بچووک، بۆ ماکرۆپلاستیک، مایکرۆپلاستیک و نانۆپلاستیک، لە شێوەیەکی قەبارە گەورەوە بۆ شێوەیەکی قەبارە بچووک، کە بە چاو نابینرێن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لە سروشتدا نامێنێن.

لە ساڵی 2004دا سەرەتای پەیدابوونی زانیاری لەسەر میکرۆپلاستیک پەیدا بوو؛ ئەو گەردیلە بچووکانەن کە لەژێر میکرۆسکۆپدا دەبینرێن و لە ئاوی دەریا و نێو خۆڵ و هەموو ژینگەدا دۆزراونەتەوە.

کاتێک پلاستیک دەشکێت بۆ پارچەی بچووک، قەبارەی شکانەکەی جیایە. قەبارەی ماکرۆپلاستیک گەورەترە لە پێنج ملیمەتر و بە چاو دەیبینین. قەبارەی میکرۆپلاستیک، لە پێنج ملیمەتر بچووکترە (لە قەبارەی بەکتریایە) و پارچە بچووکەکان دەکرێت بە میکرۆسکۆپ ببینرێن. هەرچی نانۆپلاستیکە، هێندە بچووکە (لە قەبارەی ڤایرۆسە)، تەنیا بە میکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنی دەبینرێن و قەبارەیان لە یەک میکرۆمیتەر بچووکترە.

نزیکەی 70 ساڵە بە شێوەیەکی فراوان پلاستیک بەکار دێت، لە نێو هەندێک بەفری جەمسەرەکاندا، نانۆپلاستیک دۆزراوەتەوە کە تەمەنی50 ساڵە.

ئەو پلاستیکەی بەکار هاتووە تا ئێستا، لە سەدا دە کەمتری دووبارە بەکار هاتووەتەوە و لە سەدا نەوەدەکەی تری فڕێدراوەتە ناو ژینگە. یەک کیسەی نایلۆن کە دەیخەیتە نێو خاشاکەکەت، دوای چەند ساڵێک دەبێتە چەندان ملیار لە نانۆپلاستیک لە نێو ژینگەدا. گەر پلاستیک ژینگە پیس بکات، پێدەچێت نانۆپلاستیک ژینگەپیسکەرێکی ئەبەدیی بێت.

دووبارە بەکارهێنانەوەی و ریسایکلی پلاستیک کارێکی ئاسان نییە و تێچووی زۆرە، بەشێکیان هەندێک بەرهەمی کیمیایی تێدایە و رێگرە لە بەکارهێنانەوەی. هەندێکیشیان شتومەکی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە و نابێت دووبارە بەکار بهێنرێنەوە. زۆربەی ئەو پلاستیکانەشی دووبارە دەکرێنەوە، تەنیا یەک جار ریسایکل دەکرێنەوە و جاری دووەم فڕێ دەدرێن، واتە مرۆڤ نەیتوانیوە پشت بە ریسایکل ببەستێت بۆ کەمکردنەوەی پلاستیک.

نانۆپلاستیک، لەبەر ئەوەی قەبارەی زۆر بچووکە و کێشی زۆر کەمە، دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بڵاو بێتەوە: لە نێو زەوی و خۆڵ، لە نێو ئاو و دەریا، لە هەوا، لە نێو لەشی مرۆڤ و ئاژەڵ، تەنانەت لەشی کۆرپە، کە بە وێڵداش و پەتی ناوکدا دەڕوات، هەروەها بۆ نێو دار و سەوزە و میوە… بۆ هەر شوێنێک بەخەیاڵتدا بێت.

بەهۆی ئەوەی زۆر دەمێک نییە ئاگاداری نانۆپلاستیکین، تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە لێکەوتەکانی نەزانراوە. ئەوەی تا ئێستا ئاشکرا بووە بۆیان؛ نانۆپلاستیک توانای چوونەناوەوەی نێو شانەی لەشی زیندەوەرانی هەیە. ئەم چوونەناوەوەیە بۆ نێو شانەکان، تا لە ژینگەدا زۆرتر بێت، بێگومان زۆرتر دەچێتە ناو لەشی زیندەوەرانەوە.

نانۆپلاستیک لەو شوێنانەش دۆزراوەتەوە کە دەستی مرۆڤیان پێ نەگەیشتووە، کە بەهۆی سووکییەکەیەوە لەگەڵ هەوا و ئاو تێکەڵ بووە و لەگەڵ باران و لەسەر شاخی بەرز و دوور لە ئاوەدانی هاتووەتە خوار. هەروەها لە نێو ماسی و گیانەوەرەکانی دەریاییشدا دۆزراوەتەوە. لە نێو سێو، پەتاتە، کاهوو و گێزەر، لە نێو گیا و خواردنی ئاژەڵ، لە نێو سییەکانی بەراز و لە ریخۆڵەی سەگ و مراوی، لە نێو مێشکی مرۆڤ و لەشی کۆرپەدا دۆزراوەتەوە.

تاکوو ئێستا، بە باشی نازانین چۆن رێگری لە تێکەڵبوونی نانۆپلاستیک بە لەشی زیندەوەران بکەین، کە لە رێگەی: هەناسە، پێست، خواردن و ئاوەوە دەمژرێت و وەریدەگیرێت. نازانین بەهۆیەوە لەش چی بەسەر دێت؟ لەگەڵ خوێن و دەمارەکان چ رۆڵێک دەبینێت؟ لە نێو ئۆرگانەکاندا چ کاریگەرییەکی دەبێت؟ چەند لەگەڵ شیری دایک دەدرێتە منداڵ و بێچوو؟ چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر گەشەی منداڵ و مێشک؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر هێلکە و بێچوو دەبێت… کاریگەریی لەسەر دار و دروستکردنی کلۆرۆفیل و رەگەکانی بۆ هەڵمژینی ئاو و خواردن بە چ شێوەک دەبێت؟ کاریگەریی لەسەر ئەو پەیوەندییەی لەنێوان دارەکاندا هەیە چۆن دەبێت، گەشە و مانەوەیان بە چ شێوەیەک دەبێت؟

هەندێک توێژینەوە دەریانخستووە لە هەندێک شوێندا کۆ دەبێتەوە، وەک: ماسوولکە، مێشک و رێژنەکان.

جگە لە مەترسییەکانی خودی نانۆپلاستیک، مەترسیی تریش هەیە لە دروستکردنی پلاستیکدا، کە هەندێک کانزا و کەرەستەی ژەهراوی تێکەڵ دەکرێت. ئایا نانۆپلاستیک ئەو کانزا و ژەهرانە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و دەچنە نێو شانەکان؟ گەر هەڵی گرت، کاریگەریی لەگەڵ کانزاکانی نێو لەش چۆن دەبێت؟ لەسەر دروستکردنی ئێسک و گواستنەوەی شەپۆلە کارەباییەکانی دەمار و مێشک چۆن دەبێت؟ کاریگەرییەکان لەسەر گوێ و چاو بە چ شێوەیەک دەبێت؟ کاریگەرییان لەسەر مێرووەکان بە چ شێوەیەک دەبێت؟ لەسەر زاوزێیان، لەسەر پیتاندنی دار و میوە؟

هەنگەکان لە سەدا نەوەدی گوڵی کێوی دەپیتێنن و لە سەدا سیی خواردنی جیهان پشتی بە هەنگەکان بەستووە بۆ پیتاندن. ئایا نانۆپلاستیک چ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەر مێرووەکان دەبێت لە داهاتوودا؟

مێرووەکان تەنیا لە رێگەی بۆن و رەنگ و با و رێژنەکانیان گوڵەکان ناناسنەوە، بەڵکوو لە رێگەی پەیوەندیی کارەبایی و موگناتیسیشەوە پەیوەندی بەیەکەوە و دەکەن و ماڵەکانیان دەناسنەوە؛ نانۆپلاستیک چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر گواستنەوەی ئەو کارۆموگناتیسییانەی مێرووەکان بەکاری دەهێنن لەنێوان خۆیاندا؟

باڵندە و ئاژەڵە ئاوییە کۆچبەرەکان لە رێگەی شەپۆلی کارەبا و موگناتیسەوە رێگەکانیان دەناسنەوە؛ نانۆپلاستیک چ کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر ناسینەوەی رێگەکانیان و بەسەر لەشیانەوە؟

کاریگەریی نانۆپلاستیک لەسەر شانەکانی لەش بە چ شێوەیەک دەبێت؟ چونکە نانۆپلاستیک توانای چوونەناوەوەی نێو شانەی هەیە؛ ئایا کاریگەریی چۆن دەبێت لە نێو شانەکان، لەسەر کارکردنیان، هاتوچۆی ئاو و خواردن بە نێو دیواری شانەکاندا؟ کاریگەریی لەسەر ئەو دژەئۆکسیدانە چۆن دەبێت کە پارێزگاری لە شانەکان دەکەن؛ ئایا رێگر نابێت و نابێتە هۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی؟ کاریگەرییان لەسەر جیناتەکان بە چ شێوەیەک دەبێت؟

 ئەمانە و هەزاران پرسیاری تر، بە شێوەیەکی راست و دروست بێوەڵامن. ئەو گومانانەی لە نانۆپلاستیک دەکرێت، زۆرن، مەترسییە شاراوەکان بێئەژمارن. هەموو زانایان دەزانن گەر کاریگەریی راستەوخۆی خراپیشی نەبێت، ئەوا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆر خراپی هەیە لەسەر هەموو زیندەوەران. لەگەڵ ئەو هەموو مەترسییانەش، بەکارهێنانی پلاستیک رۆژ بە رۆژ زۆرتر دەبێت؛ تەنیا لە یەک دەبەی ئاوی یەک لیتریدا، ٢٤٠ هەزار نانۆپلاستیکی تێدایە، جا ئەگەر ئەمەمان لەبەر چاو بێت، دەزانین رووبەڕووی چ مەترسییەک دەبینەوە.

تاکوو ئێستا هیچ رێگەیەک نییە خۆمانی لێ بپارێزین، چونکە دەورەمان دراوە بە پلاستیک، بەڵام دەکرێت کەمی بکەینەوە. هەندێک لەو رێگەیانە، تاک دەتوانێت پێیان هەڵبستێت و هەندێکی تر بە دەوڵەت و پیشەسازییەکان و زانا و سەنتەرە توێژینەوەکان دەکرێن.

زانایان لە هەوڵی بەکارهێنان و دروستکردنی جۆرێک لە پلاستیکی ئۆرگانیکن (بایۆپلاستیک)، کە لە نیشاستە و قامیش دروست دەکرێت، ئەمە وەک هەموو بەرهەمە ئۆرگانیکەکان توانای شیبوونەوەی هەیە لە سروشتدا، بەڵام تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی کەم دروست دەکرێت.

هەندێک بەکتریا و قەوزە لە سروشت و لە تاقیگەکاندا خەریکە دروست دەکرێن، کە ئەنزیمی تایبەتیان هەیە بۆ هەرسکردن و خواردنیان لەسەر شکاندنی ئەو کاربۆنانەی نێو نانۆپلاستیکە. ئەمە هیوایەکی گەورەی بەدواوەیە.

لە سەرانسەری جیهاندا هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیارین بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک؛ لە هەندێک وڵاتدا ئەو زانیارییانە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی تاک، زۆر گەشەی کردووە و هۆشیاریی باشیان پەیدا کردووە لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک.

لە کوردستاندا، کێشەی گەورە، بەکارهێنای دەبەی ئاوە بە پلەی یەکەم. بەهۆی پیسی و نەبوونی ئاوی نیشتمانی، خەڵک زۆر پشتی بە ئاوی دەبە بەستووە. دابەشکردنی ئاوی تەندروست، رێگرێکی سەرەکییە لە بەکارهێنانی دەبە. دەکرێت لە ماڵەکاندا فلتەری ئاو دابنرێت، یان ئاوی کووڵاو، ئەوەش کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نانۆپلاستیک. هەروەها لەسەر شارەوانی و دامەزراوە حکومییەکانە کە ئاوی خواردنەوە پاکژتر بکەن، تا ئەوەندە پشت بە ئاوی دەبە نەبەستین.

هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن، بەتایبەتی کیسەی نایلۆن و سفرەی نایلۆن، کە داروبەردی ئەم وڵاتەی ئێمەی پیس کردووە. ئەوە بەسە گەر سەیری شەقامەکانمان بکەین، دەزانین چەندە بەکاریان دەهێنین. جاران سەبەتەی پووش هەبوو، هەموو ماڵێک بۆ بازاڕ بەکاری دەهێنا، یاخود ئەو سفرانەی پاک دەکرانەوە، ئەمانە زۆر ئاسانە بەکارهێنانیان و دۆستی ژینگەن.

بەکارهێنانی قاپی شووشە لەجیاتی قاپی پلاستیک، بۆ گەرمکردنەوەی خواردن و دانەنانی پلاستیکی سلیفۆن بۆ سەر خواردن لە کاتی گەرمکردنەوە لە نێو مایکرۆوەیڤدا، چونکە پلاستیک بە گەرمی هەڵدەوەشێت و بەشێک لە نانۆپلاستیک تێکەڵ بە خواردنەکەمان دەبێت. خواردن لە نێو کیسەی پلاستیک هەڵنەگرین، چونکە گەرمی و ساردی، هەردووکیان کاریگەریی خراپیان هەیە لەسەر شکاندنی پۆلیمەرەکانی پلاستیکی لێ دروست دەکرێت. قەسەبی پلاستیک بۆ خواردنەوە بەکار نەهێنین. هەندێک خواردن یاریدەدەرن بۆ کەمهەڵمژینی نانۆپلاستیک لە نێو لەشدا، وەک: ترشیات و میوە دژەئۆکسەدەکان.

جلوبەرگی لۆکە، کەتان و خووری زیاتر بەکار بهێنین وەک جلی نایلۆن. کاتی شووشتنی جل بە ئاوی گەرم لە نێو جلشۆر، بەشێک لەو نانۆپلاستیکە لەگەڵ شووشتن لێ دەبێتەوە و بەشێکی لەگەڵ ئاو دەڕوات و بەشێکیشی بە لەشمانەوە دەنووسێت، کە لە رێگەی پێستەوە ئەگەری هەڵمژینی نانۆپلاستیک هەیە. ئاوی زۆر گەرم، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە زۆرتر دەکات، بۆیە دەکرێت بە ئاوی سارد و شلەتێن بشۆردرێن.

ئەو دەبە پلاستیکانە دووبارە بەکار نەهێنینەوە کە بۆ یەک جار بەکار دێن، هەندێک لەو پلاستیکانە بەپێی دروستکردنەکەی، بەکارهێنانەوەی خراپە و ژمارەی نانۆپلاستیک زۆرتر فڕێ دەداتە دەرەوە.

گسک زوو زوو بە ماڵدا بهێنرێت و فلتەری باش بۆ گسکەکان بەکار بهێنین.

وردەکاریی زۆرمان پێویستە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک و هۆشیاریی کۆمەڵگە بۆ پەیداکردنی زانیاریی سەبارەت بە مەترسییەکانی نانۆپلاستیک. بێگومان پەیڕەوکردنی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، کاری رۆژانەمان زۆرتر دەکات و دەبێت ئامادە بین قوربانیی بە کات بدەین و زیاتر بیر لە هەڵسوکەوتمان بکەینەوە، تا ئەو وردەکارییانەمان جێی خۆیان دەگرن و دەبنە بەشێک لە کاری رۆتینیی رۆژانەمان، بەڵام دەبێت هەردەم ئەوەمان لەبەر چاو بێت؛ زەوی و داهاتووی نەوەکانمان، بە رەفتار و کرداری ئێمەوە پەیوەستە.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان