ستارلینك جێگەی تۆڕەكانی تری ئینتەرنێتی تەقلیدی ناگرێتەوە

نەودا میدیا-
كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی عیراق ئاشكرایكرد، خزمەتگوزرای ئینتەرنێتی ستارلینك خزمەتگوزارییەكی پێشكەوتووی مانگی دەستكردە و جێگەی تۆڕەكانی تری ئینتەرنێتی تەقلیدی ناگرێتەوە.

مەحمود ئەلروبەیعی، كۆمیساری كۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق رایگەیاند” ستارلینك خزمەتگوزارییەكی ئاسایی ئینتەرنێت نییە و نابێتە جێگرەوەی خزمەتگوزاری وای فای یان فایبەر ئۆپتیك، بەڵكو ئینتەرنێتی مانگی دەستكردە كە لە ئێستادا لە نزیكەی 160 وڵاتی جیهاندا بەكاردەهێنرێت”.

وتیشی” خزمەتگوزاری فایبەر ئۆپتیك و ئینتەرنێتی تەقلیدی بە نرخەكانی ئێستایان وەك پێشتر بە هەمان خزمەتگوزاری لەبەردەستی هاوڵاتیاندا دەمێننەوە، بەڵام ستارلینك بۆ دامەزراوە گەورەكانی وەك كۆمپانیاكانی كێڵگە نەوتییەكان لە ناوچە دوورەكان، هەروەها لەو ناوچانەی كە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ئاسایییان نییە دەتوانرێت بەركاربهێنرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” هێنانەكایەی ئینتەرنێتی مانگی دەستكرد نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خزمەتگوزارییەكانی ئێستا، بەڵكو ئینتەرنێتی تەقلیدی لەبەردەستی هاوڵاتیاندا دەمێنێتەوە”.

باسی لەوەشكرد” گۆڕانكاری دامەزراوە گەورەكان بەرەو ئینتەرنێتی مانگی دەستكرد دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر تۆڕە تەقلیدیەكان، ئەمەش دەتوانێت كاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخەكان هەبێت و ببێتە هۆی دابەزینیان، لە كۆتاییدا سوودی بۆ هاوڵاتییان دەبێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان