مەودا میدیا-
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئاشکرایکرد شەش گەنجی هەرێمی کوردستان کە (پێنجیان خەڵکی سنووری راپەڕین و یەکێکیان خەڵکی سنووری شارەزوورە) لە کاتی کوۆچکردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێن بوون.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا رایەیاند “گەنجەکان لە رۆژی 3/14ی ئەمساڵ بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا روویان لە وڵاتی لیبیا کردووە بەڵام دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە کە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە نین و تائێستا بێسەروشوێنن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو بەڵێنانەی کە قاچاخچییەکان دەیدەن بە خانەوادەی گەنجەکان لەبارەی دەستگیرکردنیان دوورە لە راستییەوە و تەنها بۆ چەواشەکردنی خێزانەکانە، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و داوا دەکەن فشار بخەنە سەر ئەو دەڵاڵ و قاچاخچییانەی کە رۆڵەکانیانیان بردوون”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە گەنجان خۆیان لە رێگای (تونس و لیبیا) بەدووربگرن، چونکە رێگای مەرگە و تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە کە بە رێگای ئەو دوو وڵاتە کۆچیان کردووە”.
ب ح