بەهۆی شه‌ڕەوە رێژه‌ى هه‌ژاریی له‌ ئێران بۆ سه‌دا 41 به‌رزده‌بێته‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لەوەی کە یەک مانگ شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ئەو گەشەی ئابوورییە بسڕێتەوە کە لە ساڵی رابردوودا وڵاتانی عەرەبی بەدەستیان هێنابوو و پێدەچێت ببێتە هۆی گرژبوونەوەی توندی ئابووری لە ئێران.

لە هەفتەی پێنجەمی ململانێکاندا زنجیرەیەک راپۆرت لەلایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکرایەوە، ئەمەش لەکاتێکدا سەرجەم لایەنەکان بەردەوام بوون لە ئاڵوگۆڕکردنی هەڕەشەکان سەرەڕای راگەیاندنی دانوستانەکانی ئەمه‌ریکا.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە ئاماژەدان بەو ناوچەیەی کە لە سوریا و عیراقەوە تا وڵاتانی مەغریب و وڵاتانی کەنداو درێژدەبێتەوە باسى له‌وه‌كردووه‌ “ئەم هەڵسەنگاندنە واقیعی ترسناکی ئەو لاوازییە پێکهاتەییانەی کە تایبەتمەندن بە ناوچەی عەرەبی ئاشکرا دەکات”.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە “هەڵکشانی سەربازی کورتخایەن دەتوانێت لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری قووڵ و دوور مەودای هەبێت کە دەتوانێت کاریگەری درێژخایەنی هەبێت”.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەرزبوونەوەیە “دەتوانێت ئابوورییەکانی ناوچەی عەرەبی لە نێوان لەسەدا 3.7 بۆ سه‌دا 6ی بەرهەمی ناوخۆیی تێبچێت”.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە “ئەم ژمارەیە زیانێکی سەرسوڕهێنەرە کە لە نێوان 120 بۆ 194 ملیار دۆلاری ئەمه‌ریکیدایە، کە زیاترە لە کۆی گشتیی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی کە پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2025”.

لە پێشکەشکردنی هەڵسەنگاندنەکەدا، عەبدوڵڵا ئەلدەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری ناوچەیی بۆ وڵاتانی عەرەبی لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، ​​وتی “دۆزینەوەکانمان تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکان بەدەر لە پشتبەستن بە گەشەسەندنی بنەمای هایدرۆکاربۆن، فراوانکردنی بنکەکانی بەرهەمهێنان، دەستەبەرکردنی سیستەمی بازرگانی و لۆجستیکی، و فراوانکردنی بازنەی ئابووری هاوبەشییەکان”.

لە ڕاپۆرتی دووەمدا کە تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی ئێران، باسی لەوە کردووە کە ئەم مانگەی شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی گرژبوونەوەی توندی ئابووری لە ئێران، کە بەرهەمی ناوخۆیی بە رێژەی سه‌دا 8.8 بۆ سه‌دا 10.4 دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە”.

لە ئەنجامدا دۆخی 3 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س بۆ بۆ 4 ملیۆن و 100 هه‌زار کەس لە ئێراندا دەتوانێت تێکبچێت و پاڵیان پێبدات بۆ ژێر هێڵی هەژاریی و رێژەی هەژاری وڵات بۆ سه‌دا 41 بەرزبکاتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023 سه‌دا 36.3بوو.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان