پابەندین بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان

مەودا میدیا-

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی نیگەرانییە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای دایەوە و ئاشکرایکرد بەهیچ شێوەیەک بەغدا لایەن نییە لەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند “سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆرترین کاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی ئەم جەنگەی لەسەرە، بەڵام هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت ئەوەیە کە وڵات لە ململانێیەکان بەدوور بگرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رەفتار و کرداری هەندێک کەس و لایەن گوزارشت لە سیاسەتی فەرمیی بەغدا ناکەن و نابێت وەک هەڵوێستی دامەزراوەکانی دەوڵەت ببینرێن، چونکە حکومەت هەڵوێستی کردەیی و ئاشکرای دژی ئەو جۆرە کارانە هەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو “حکومەتی عیراق جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان دەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی خاکەکەی نەبێتە پێگەیەک بۆ دەسپێکردنی هیچ کارێکی دوژمنکارانە و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی وەک لە پێشینەی کارەکانی دەمێنێتەوە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان