چۆن ژێرخانێکی دیجیتاڵی بەردەوام بۆ پەروەردە بنیات بنێین؟

خەڵات فەرەیدون

پەروەردە، تەنیا پرۆسەی فێربوونی پیت و ژمارەکان نییە، بەڵکو تاکە سەرچاوەی پاراستن و سەقامگیریی دەروونی کۆمەڵایەتی و ئومێدی گەلانە بۆ پێشکەوتن، رۆڵێکی چارەنوسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی داهاتووی تاکەکان و کۆمەڵگەدا بە گشتی. لە هەرێمی کوردستان، ساڵانێکی درێژە ئەم کەرتە گۆڕەپانی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانە، لە بایکۆتی مامۆستایان و پەتای کۆرۆناوە بگرە تا دەگاتە کاریگەریی ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە. هەموو ئەمانە یەک راستییان سەلماندووە، کاتی ئەوە هاتووە کار بکەین بۆ بنیاتنانی سیستمێکی پەروەردەیی وا کە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا بگونجێت و بەرگەی قەیرانەکان بگرێت، لە کاتی تەنگانەدا نەک هەر نەوەستێت، بەڵکو ببێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی نەوەکانمان. 
دابڕان لە خوێندن
داخرانی دەرگای قوتابخانەکان تەنیا زیان بە ئاستی زانستی خوێندکار ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونییان هەیە. خوێندن مافێکی بنەڕەتییە کە نابێت لە کاتی جەنگ و قەیراندا پەک بخرێت. بۆیە ئەرکی داڕێژەرانی سیاسەت و پلاندانەرانی پەروەردەییە، سیستمێک دابڕێژن کە توانای خۆگونجاندنی هەبێت و لەگەڵ هەر دۆخێکدا کوالێتی فێربوون بپارێزێت.
تەکنۆلۆژیا وەک فریادڕەس
زۆرجار کاتێک قەیرانێک روودەدات، خێرا هەست بە لاوازیی ژێرخانەکانمان دەکەین، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕینی کات، هەموو شتێک لەبیر دەچێتەوە. بۆئەوەی چیتر پرۆسەی خوێندن نەبێتە قوربانی رووداوە کتوپڕەکان، خوێندنی دیجیتاڵی دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی و سیستماتیک بخرێتە ناو سیستمی خوێندنەوە.  پێویستە لە کاتی دەوامی ئاساییدا، مامۆستایان و خوێندکاران رابهێنرێن لە رێگەی گروپ و پلاتفۆڕمەکانی قوتابخانەوە، بەشێک لە ئەرک و وانە تیۆرییەکان ئەنجام بدەن، ئێستا بە خۆشحاڵیەوە وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی ناوە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ناوەندەکانی خوێندن لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی ( قوتابخانەکەم – ئی وانە –ئی هەڵسەنگاندن – ئی راهێنان – ئی کتێبخانە )دەکرێت پەرەی زیاتر بەم پلاتفۆرمانە بدرێت و وانەی زۆرتر و زانیاری زیاتریان تێدا تۆمار بکرێن.
 ئەمە تەنیا چارەسەرە بۆئەوەی لە کاتی هەر پشوویەکی کتوپڕدا، خوێندکار بەبێ دڵەڕاوکێ روو لە جیهانی دیجیتاڵ بکات.
تێکەڵکردنی ژینگەکان، داهاتووی پەروەردە لە جیهاندا بەرەو تێکەڵکردنی تەکنۆلۆژیا و ژینگەی فیزیکی دەچێت، ئەگەر بتوانین ئەم دوو شێوازە بە یەکەوە  پەیڕەو بکەین، سیستمێکی پەروەردەیی دروست پەیڕە و دەکەین کە هەم بەردەوامە و هەم ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکە.
بەکارهێنانی ئامرازی جێگرەوە
لە هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامێرە زیرەکەکان تا رادەیەک نایەکسانە، بەشێک لە خوێندکاران بە تایبەت لە شوێنە دوورە دەستەکان بە ئاسانی دەستیان پێی ناگات لێرەدا دەبێت داهێنان بکەین:
*هێزی رادیۆ و تەلەفزیۆن: فێربوون بە کاراکردنی رادیۆ بە تەکنۆلۆژیایەکی هەرزان، بەڵام کاریگەر دادەنرێت کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە هەموو کەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا، بە تایبەت بۆ خوێندکارانی ناوچە دوورە دەستەکان و دەرەوەی شارەکان. چەندین وڵات هێزی رادیۆیان بەکارهێناوە بۆ پێشکەشکردنی پەروەردە لەسەر بنەمای رادیۆ بۆ پەخشکردنی وانەکان بۆ ناو ماڵەکان، هەروەها کەناڵەکانی تیڤی سەرچاوەیەکی باشن بۆ گەیاندنی بەرنامەی پەروەردەیی و وانە تۆمارکراوەکان بە خوێندکاریان.
*ناوەرۆکی ئۆفلاین: بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشن و کتێبخانە دیجیتاڵییەکان کە پێویستیان بە ئینتەرنێتی بەردەوام نییە تا خوێندکار لە هەموو بارودۆخێکدا سەرچاوەی دەستبکەوێت.
پەیامێک بۆ حکومەت
ئەگەر ئەمڕۆ وەبەرهێنان لە ئینتەرنێتی خێرا، راهێنانی مامۆستایان و ئامادەکردنی خوێندکاراندا نەکەین، ئەوا هەر قەیرانێک لە داهاتوودا، دووبارە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر، لەبەرئەوە بنیاتنانی سیستمێکی ئامادە، باشترین بیمەیە بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان