مەودا میدیا-
پسپۆڕێکی ئابووریی عیراقی ئاشکرایکرد هۆکاری راگرتنی ناردنی دۆلار بۆ عیراق پەیوەندی بە شەڕو داخستنی ئاسمانی و زەحمەتی پاراستنی ئەو فڕۆکە بارهەڵگرانەی ئەمەریکاوە هەبێت کە مانگانە نزیکەی نیو ملیار دۆلار دەگوازنەوە، یان بڕیارێکی سیاسی ئەمەریکی بێت بۆ سزادانی بەغدا، کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان نابێت، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی بە دابینکردنی دۆلاری کاشەوە هەیە بۆ گەشتیاران.
نەبیل مەرسومی, پسپۆڕی ئابووریی عیراقی رایگەیاند “بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی لە کۆتایی ساڵی 2025، حکومەتی عیراق یەدەگی نەختینەی بە بڕی یەک ملیار 500 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستدا بووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بوونی ئەو یەدەگە بەسە بۆ دابینکردنی دۆلاری نەختینە بۆ گەشتیاران بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەگەر دوای ئەوە گەمارۆی ئەمەریکا لەسەر دۆلاری نەختینەیی بەردەوام بێت، بانکی ناوەندی دەتوانێت لە پارە دانراوەکانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان پارە رابكێشێت، کە نزیکەی 30 ملیار دۆلارە بە دراوی جۆراوجۆر هەڵگیراوە”.
ب ح