پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

مەودا میدیا-

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و راگەیاندنی ئاگربەست پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد ئەزموونی 47 ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانیداوە کە ئەم رژێمە چاکسازیی تێداناکرێت و تەنها بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دیموکراسی ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایانگەیاند “پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەن کە ببێتە هۆی راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام نابێت ئاگربەست ببێتە دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ رژیم تا وەک جارەکانی پێشوو بۆ خۆڕێکخستنەوە و نزیکبوونەوە لە چەکی ئەتۆمی کەڵکی لێ وەربگرێت”.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد “بەرپابوونی شەڕ و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە، دەرەنجامی راستەوخۆی سیاستە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییە، ئەم رژیمە لە رێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسه‌تی به‌نێو هه‌‌نارده‌کردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانیکردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و درۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە”.

دەقی راگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:

لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەی ٣٩ ڕۆژ لە نێو ئاگری شەڕێکی قورسدابوو؛ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر زەبری هێرشە توند و ڕاستەوخۆوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دابوو، سەرەنجام ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ لە ئاکامی تەسلیمبوونی ڕژیمی ئێران بە ئۆڵتیماتۆمی سەرۆکی ئەمریکا (کە ئەگەر گەرووی هورمز نەکاتەوە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین)، ملی بە ئاگربەست دا.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، وێڕای چاودێریکردنی وردی بارودۆخەکە، ڕوانگەی خۆی لەم چەند تەوەرەدا دەخاتە ڕوو:

یەکەم: بەرپرسیارێتیی ڕژیم لە جەنگ و ماڵوێرانییەکان

بەرپابوونی شەڕ و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەیڕەوکردنی سیاسه‌تی به‌نێو هه‌‌نارده‌کردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانیکردنی تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی و درۆن، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە. ئەم جەنگە بووەتە هۆی زیان گەیاندنی زۆر بە هاووڵاتیان و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.

دووەم:

پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکرێت کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بەڵام هۆشداری دەدرێت کە ئاگربەست نابێت ببێتە دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ ڕژیم تا وەک جارەکانی پێشوو بۆ خۆڕێکخستنەوە و نزیکبوونەوە لە چەکی ئەتۆمی کەڵکی لێ وەربگرێت. هەر ڕێککەوتنێک ئیرادەی گەلانی ئێرانی تێدا فەرامۆش بکرێت، تەنها ئاشتییەکی کاتی و مەترسیدار دەبێت.

سێیەم:

ئاگربەست تەنها کاتێک مانای دەبێت کە ببێتە سەرەتایەک بۆ:

١. کۆتاییهێنانی یەکجاریی بە دەستوەردانی سەربازی، هەواڵگری، ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ڕژیم.

٢. هەڵوەشاندنەوەی بنەڕەتیی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکان.

٣. پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ناو ئێران، بەتایبەت مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد.

چوارەم:

ئەزموونی ٤٧ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە کە ئەم ڕژیمە چاکسازی تێدا ناکرێت و تەنها بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دیموکراسی ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە. بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بوون و بەردەوامیی و هێزی خۆی لە نەتەوەکەی و ویستی ئازادیی و سەروەریی وەردەگرێ و بەرهەمی شەڕ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان نییە؛ بۆیە نە ئاگربەست و نە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامییەکەی ڕاناگرێ. هیچ جۆرە ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی سیاسی نامانوەستێنێت لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەری.

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی (١٤٠٥ی هەتاوی)

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان