زێڕ بە جارێ هاڕەی كرد

مەودا میدیا-
بە هۆی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی ئەگەرەكانی دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی سەر ئێران، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان بە تەواوی دابەزی.

شەوی رابردوو پێش لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا كە وتی” پێشنیازەكانی تارانی بەدڵ نییە و رەنگە بەمنزیكانە هێرشەكانی سەر ئەو وڵاتە دەستپێبكەنەوە”، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بە 4,700 دۆلار بوو، بەڵام دوای لێدوانەكە دابەزی بۆ 4,605 دۆلار، واتا نزیكەی 95 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك دابەزی و هێشتاش بەردەوامە لە دابەزین.

لە بارەی هۆكاری ئەو دابەزینە زۆرە و ئاراستەی نرخی زێڕ، پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا ئەگەرەكانی كردنەوەی گەرووی هورمز و لابردنی ئەو گەمارۆیانەی كە لەسەری هەیە زۆر لاواز كرد، بەو هۆیەشەوە شەوی رابردوو نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە و لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ زۆر دابەزی”.

وتیشی”ئاراستەی نرخی زێڕ دابەزین دەبێت تا ئەو كاتەی كە هەواڵێكی ئەرێنی نوێ‌ لەسەر كۆبوونەوەكانی ئەمەریكا و ئێران دەبێت یان سەرۆكی ئەمەریكا لێدوانێكی پێچەوانەی لێدوانەی شەوی رابردوو بدات كە باس لە رێكەوتن لەگەڵ ئێران یان نزیكبوونەوەیان بكات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”مامەڵەكارانی زێڕ پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، چونكە هەر هەواڵێكی ئەرێنی لەبارەی رێكەوتنی ئێران و ئەمەریكا ئاراستەی زێڕ پێچەوانە دەكاتەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان