مەودا میدیا-
ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ئاشکرایکرد دیمەشق بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی (ناوەندێتی) مامەڵە لەگەڵ پرسی تێکەڵبوونەوە دەکات و داوای رادەستکردنی تەواوەتی دەسەڵاتەکان دەکات.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند “دیدگای ئەوان بۆ تێکەڵکردنەوەی شەڕڤانان و دامودەزگاکان لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق لەسەر بنەمای شەراکەتێکی دیموکراسیی نامەرکەزییە، بەڵام بوونی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان رێگری لە پرۆسەی تێکەڵبوونەوە دەکات و کاریگەریی لەسەر بڕیاری سوویا هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تورکیا زیاتر لە بەرژەوەندیی سەربازیی دەستی بەسەر ئیدارەی سوریادا گرتووە و خۆی سوریا بەڕێوەدەبات و دوو ئامانجی لە سوریا هەیە ئەوانیش دژایەتیکردنی بوونی کورد و ئەزموونەکەی لەگەڵ دژایەتیکردنی بە دیموکراسی بوونی سوریا، دەبێت ئەنکەرە تێبگات کورد هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا”.
ئەوەشی خستەڕوو “تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەسەر پرسی پەروەردە لە سوریا نەنراوە، لە کاتێکدا پێویستە پەروەردە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە ناوچەکەدا دابین بکرێت، لەو ناوچانەی کە سریانی و گرووپی تری تێدایە، پێویستە بە زمانی خۆیان بخوێنن، ئەگەر پەروەردە بە زمانی کوردی قبوڵ نەکرێت و شوناسی کولتووری خەڵکی ئێرە قبوڵ نەکرێت، شۆڕشی رۆژائا هیچ مانایەکی نابێت”.
باسی لەوەشکرد “تائێستا حکومەتی کاتیی دیمەشق هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نەناوە و لەژێڕ کاریگەریی و بڕیاری تورکیادان، چاوەڕوانی دەرئەنجامی شەڕ لەگەڵ ئێران دەکەن، دواتر لەسەر ئەنجامی شەڕ مامەڵە دەکەن، جۆلانی و وەزیرەکانی حکومەتیان پێکهێناوە بەڵام نوێنەری کورد لەو حکومەتەدا نییە”.
ب ح