مەودا میدیا-
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا رێڕەوی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و تا كۆتایی هەفتەش بەردەوامبوو لە بەرزبوونەوەی بە جۆرێك یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 4,765 دۆلار، بەڵام شەوی رابردوو پێش داخستنی بازاڕەكان ئۆنسەیەك بە 4,715 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دەنگۆكانی رێكەوتنی ئەمەریكا و ئێران زۆر گەرم بوو، بۆیە نرخی زێڕ بەرزبوویەوە”.
وتیشی” بە پێچەوانەی هەندێك لە جەنگ و ئاڵۆزییەكانی تر كە لە رابردوودا نرخی زێڕیان بەرزكردووەتەوە، جەنگی ئێران ئەمەریكا نرخی ئەو كانزایەی دابەزاند، چونكە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكانی جیهاندا كڕیاران زێڕەكانیان فرۆشت و روویان لە كڕینی نەوت كرد”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ یان دابەزینی، پەیوەستە بە هەواڵی رێككەوتن و رێكنەكەوتنی ئەمەریكا و ئێران، ئەگەر رێكەوتن كرا و جەنگ كۆتاییهات ئەوا پێشبینی دەكرێت ئۆنسەیەك بگاتە سەروو پێنج هەزار دۆلار و زیاتریش، بەڵام بە دەستپێكردنەوەی شەڕ و مانەوەی دۆخەكە وەك ئێستا ئەوا دیسان نرخەكەی دادەبەزێتەوە”.
ئ پ