ئەمڕۆ سەرۆكی روسیا بە سەردانێكی دوو رۆژە دەگاتە چین

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئایار، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا بە سەردانێكی دوو رۆژە دەگاتە چین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆكی وڵاتەكە سەبارەت بە پتەوكردنی هاریكاری ستراتیژی و زیادكردنی هەناردەی وزەی روسیا.

ئەو سەردانەی پوتین تەنها چەند رۆژێك دوای سەفەرەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دێت بۆ پەكین، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ركابەریی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن بۆ كاریگەری و پەیوەندی نزیكتر لەگەڵ چین تا دێت زیاتر دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند” سەردانەكەی پوتین بۆ پەكین كە ٢٥هەمین سەردانی دەبێت بۆ ئەو وڵاتە، گوزارشتە لە پەیوەندییە نزیكەكانی لەگەڵ شی جین پینگ، كە تەنها چەند رۆژێك دوای یەكەم سەردانی ترەمپ دێت لەلایەن سەرۆكێكی دانیشتووی ئەمریكاوە بۆ چین لە ماوەی نۆ ساڵدا”.

روسیا ئێستا گەورەترین دابینكەری نەوتی خاوی چینە و 20%ی هاوردەكردنی نەوتی خاوی وڵاتەكە پێكدەهێنێت، هاوكات چین لە ساڵانی رابردوودا بوو بە گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێران، جگە لەوەش یەك لەسەر سێی هاوردەكردنی نەوتی وڵاتەكە و 25%ی هاوردەكردنی غازیشی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، كە لەدوای شەڕی ئێران و ئەمەریكاوە تا رادەیەكی زۆر داخراوە.

لە لایەكی تریشەوە كۆشكی كرێملین رایگەیاندووە” پوتین و شی پلانیان هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پرسە گەورەكانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی”، سەردانەكەش هاوكاتە لەگەڵ یادی ساڵەی پەیمانی دۆستایەتی چین و روسیا كە لە ساڵی 2001 واژۆ كراوە “.

كرێملین ئاماژەی بەوەشكردووە” هیوایەكی زۆر بەرزیان بەو سەردانە هەیە كە بەشێكە لە زنجیرە كۆبوونەوەی ساڵانەی نێوان پوتین و شی و بڕیاریشە لەمساڵدا سێ جاری دیكە لە لووتكە فرەقۆڵیەكاندا هەردوو سەركردە كۆببنەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان