مەودا میدیا-
جێگری سەرۆکانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ئاشکرایکرد بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسی لە تورکیا نەمێنێت، پێویستە هەنگاوی کرداری لە پرسی کورددا بنرێت، دانووستان بە دیموکراتیک ببێت، پێگەی یاسایی ئیمراڵی مسۆگەر بکرێت و یاسایەکی تایبەت دەربکرێت کە هەمووان بگرێتەوە.
سەزای تەمەلی، جێگری سەرۆکانی فراکسیۆنی دەمپارتی رایگەیاند “سیاسەتی تورکیا ساڵانێکی زۆرە لەناو قەیرانێکی قووڵدایە و ستراتیژی هاتنەدەرەوە لەم قەیرانە بە بانگەوازی 27ی شوباتی 2025 لە ئیمراڵییەوە دەستنیشانکرا، هەروەها سیاسەتی تورکیا هێشتا بە تەواوی لەم راگەیەندراوە تێنەگەیشتووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پارتەکەیان لەم پڕۆسەیەدا بە دەستپێشخەری و بەرپرسیارێتیی گەورە هەستاوە و بەرپرسیارێتیی زۆر گەورەیان جێبەجێکردووە و بەردەوامن، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی تورکیا بە شێوەیەکی گشتیی بە بەرپرسیارێتی هەڵناستێت، بە شێوەیەکی جددی مامەڵە ناکات و زۆرێک لەو لێدوانانەی کە لە ماوەی رابردوودا دراون نەبوونەتە کردار”.
ئەوەشی خستەڕوو “پڕۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی ناچاری بەرەو قۆناغێکی راوەستان براوە و پێویستە چیتر ئەم گەڕانە بگاتە ئەنجام، پێویستە ئەم هەنگاوانە بێ دواکەوتن بنرێن، مافی هیوا قسەی لەسەر دەکرا، ئێستا قسەی لەسەر ناکرێت، بەدەر لەو قسانەی کە لە سەرەتادا دەکران، دەبینین کە دەوترێت هەلومەرجەکانی سزادان بەردەوام دەبێت و بەرەو ئاستێک دەبرێت کە چەکدانان بهێنێتە دی، بەمە ناوترێت دانووستان”.
ب ح