مەودا میدیا-
ئەندامی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئاشکرایکرد سیاسەتەکانی حکومەتی کاتی سوریا، لەژێر چەتری یەکگرتنەوە، لە رێککەوتنەکان زیاترە و رەنگە لە ناوچەکە سیناریۆی نەرێنی نوێ رووبدات.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی سەرۆکایەتی پەیەدە رایگەیاند “ئۆتۆنۆمی کورد، وەک لە رێککەوتننامەکانی یەکگرتندا پێناسە کراوە، بە شێوەیەکی ئەرێنی لە لایەن حکومەتەوە رەنگدانەوەی نییە، بەتایبەتی لەرووی نوێنەرایەتی، ئیدارە، و دابەشکردنی دەسەڵات، حکومەتی کاتی سوریا بە دەستوور و پەرلەمانیشەوە هەنگاو بەرەو چارەسەر و گۆڕانکاریی دیموکراسی نانێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دیمەشق، لە رێگەی سیاسەتەکانییەوە، هاوبەشی لەگەڵ کورد، دروز و عەلەوییەکان لە بنیاتنانی سوریادا قبوڵ ناکات، نوێنەرایەتی پەرلەمانی نادادپەروەرانەیە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای سوریا ناکات، تایبەتمەندە بە پەراوێزخستن”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەسەڵاتی کاتی لە سوریا نە ئاوات و خواستەکانی گەلی سوریای بەدینەهێناوە و نە دادپەروەریی بەدەستهێناوە و بەعس بە رەنگێکی تر لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، بەڵام هەوڵەکانی ئەوان بەرەو چارەسەریی ئاشتیانە و رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەردەوامە”.
باسی لەوەشکرد “حکومەتی کاتی سوریا رێبازی بەعسی بەرانبەر کورد و پێکهاتە رەسەنەکانی سوریا لە باشوور و کەناراوەکان پەیڕەو دەکات، سوریا پێویستی بە شۆڕشێکی دیموکراسی و حکومەتێکی دادپەروەرە کە گەلی تێکەڵ بە شۆڕش بکات بۆ گۆڕانکاری و بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسی”.
ب ح