راگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایارو راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عيراق لەکۆتایی هەفتەی رابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەرلەجەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە ( ٢٥ ئایاری ٢٠٢٦ ) وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی ( ٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ) کە لەرۆژی (٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) واژۆ کراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( ٧٠٠١٨ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عيراق.

کەئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا مانگەکە شەش رۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی رەوانە بکات.

سەرەڕای هەموو ئەو رێوشوێن و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە
کۆی بڕی ( ٩٧٠،٧٤١،٥١٤،٩١٤ ) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەک ملیۆن و پێنج سەدو چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عيراق و لە کاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها ( ٨٩٠،٥٠٢،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو نەوەد ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عيراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

سەرەڕای نەبونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عيراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی راسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عيراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

دوای راگەیاندنی لیستی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەش کردنی مووچە دەکرێت، لە رۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لەدوای کاتژمێر ( ١٠ ) ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە رێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.

بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی باکەتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمرۆ کە بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لە رێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە ( ATM ) ەکان بکەن و مووچەکانیان رابکێشن، هەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ رۆژە مووچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت.

تێبینی/ لە پێناو ئەوەی بەرە جەژنانەو تا سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچە خۆرێک بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە لەرێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە.

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان