ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی-دا تێدەپەڕێت

شوێن و مێژووی دامەزراندنی یەکێتی:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1975/5/22، لە گەڕەکی ئەبوروومانەی دیمەشق لە سوریا یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی بە ئامادەبوونی هەریەک لە (مام جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد مەعسوم، د.کەمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی و عومەر شێخ مووس) کە بەدەستەی دامەزرێنەی یەکێتی ناسراون، ئەنجامداو پرۆژەی دروستکردنی ئەو حزبەیان گەڵاڵە کرد، کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 1975/5/27، بە سەرپەرشتی مام جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراو لە رۆژی 1975/6/1 بە فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندرا.

یەکگرتنی ئاڕاستە جیاوازەکان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکگرتنی  سێ رێکخراوی جیاواز دروست بوو، ئەوانیش (کۆمەڵەی مارکسی- لینینیی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و  خەتی گشتیی)

پێکهێنانی شانە چەکدارەکان و دیاریکردنی سکرتێری گشتیی:

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1976 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵێک دوای دامەزراندنی چەند مەفرەزەیەکی پارتیزانیی دروستکرد و دواتر یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی لە کوردستان لە 1977/8/31 کرا و 12 رۆژی خایاند لە کۆبوونەوەکەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتیی دیاریکرا.

لە مانگی ئاداری 1978دا دووەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ رێکخستنی پێشمەرگە، دارایی، دانانی نەخشە و پلان، دروستکردنی ھەشت ھەرێمی جیاواز ئەنجامدرا.

کۆنفرانس و جیابوونەوەی ئاڕاستەکان لە یەکێتی:

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستوون، وەک کۆنفرانسی (کۆمەڵە لە ساڵی 1983 و 1984، کۆنفرانسی ھەردوو باڵی خەتی گشتیی و بزووتنەوەی سۆسیالیست) دوای جیابوونەوەی بەشێکی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەکێتی، لەو کۆنفرانسەدا یەکیان گرت و ناویان نا (یەکێتیی شۆڕشگێران) و یەکێتی بووە دوو باڵ (یەکێتی شوڕشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران).

دوای 17 ساڵ لە دامەزراندنی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە 1992/1/28 بەست، ھەردوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتیی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردووکیان درا و مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەمی لە 2001/1/30 و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها دوای 9 ساڵ و لە 2010/5/1 دا کۆنگرەی سێیەمی بەست و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتیی یەکێتی.

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی:

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تری یەکێتی و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009/7/25، بەشێکی زۆری بنکە جەماوەرییەکەی دابەش کرد و باڵێکی گەورەی یەکێتی جیابووەوە.

دروستبوونی ئاڕاستەی جیاواز لەناو یەکێتی لەسەردەمی نوێدا:

بەهۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلال ناکۆکیی تازە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەریهەڵدایەوە و تاوەکو لە 1ی ئەیلولی 2016دا ناوەندی بڕیار دروستبوو کە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح جێگرانی یەکەم و دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتییان دەکرد و ژمارەیەک  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی تێیدا بوون.

دواتر بەرهەم ساڵح بە تەواوی وازی لە یەکێتی هێنا و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار وەک قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریی کرد و دوو کورسیی بە دەستهێنا.

کۆنگرەکانی چوار و پێنج ، گۆڕانکاریی نوێ لەناو یەکێتیدا:

رۆژی 2019/12/21، بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی (کۆبوونەوەی نوێبوونەوە) لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژی خایاند کە تێدا (بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بە هاوسەرۆکانی یەکێتی هەڵبژێردران.

رۆژی 8ی تەمموزی 2021، بافڵ جەلال تاڵەبانی، گەڕێکی نوێی گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەستپێکرد و لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە لاهور شێخ جەنگی وەرگرتەوە.

رۆژی چوارشەممە (27ی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بەڕێوەچوو هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا (بافڵ جەلال تاڵەبانی) بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا.

بەپێی دوایین هەڵبژاردن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان خاوەن 23 کورسییە و بە هاوپەیمانی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ 38 کورسیان هەیە و لە پەرلەمانی عیراقیش یەکێتی خاوەن 18 کورسییە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان