ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى تۆم باراك و نێچیرڤان بارزانى

مه‌ودا میدیا-

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، تۆم باراك نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/6/16، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لەگه‌ڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری عیراق و سوریا ئه‌نجام دا.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و دۆخى سوریا و هاریكاریى كورد و دیمه‌شق تاوتوێ کران.

ئەوەش هاتووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان له‌ سوریا کردەوە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێم دووپاتی کردەوە کە گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سوریا تاكه‌ رێگەی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى نیشان دا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پەرەپێدانی هاریكارى و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و هێنانەدیی ئاسایش و ئارامییه‌كى جێگیر لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان