مەودا میدیا-
مامۆستایەکی ئایینی دیاری شاری سلێمانی ئاشکرایکرد ئەگەر ئەو تۆمارە ڤیدیۆیی و دەنگییانەی لەسەر د.عەبدوللەتیف ئەحمەد، رابەری سەلەفییەکان بڵاوبووەتەوە ساخبکرێتەوە، ئەوا حکومەکەی بەردبارانکردنە و لێخۆشبوونی نییە.
مامۆستا تاهیر کەڵەباشی، مامۆستای ئایینی و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی پیرەمەگروون رایگەیاند “داوا لە داواکاریی گشتیی دەکەن بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن تاوەکو بۆ خەڵک روونببێتەوە کە زیرەکی دەستکرد و هەڵبەستراوە یان راستییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەگەر ئەم تۆمارە دەنگییەکان راست بن دەبێت د.عەبدوللەتیف ئەحمەد لە مامۆستای زانکۆ و وتارخوێن و پێشنوێژی دووربخرێتەوە و دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێتەوە و ناکرێت لە ئاست ئەم پرسە شەرمهێنەرانە بێدەنگ بن”.
ئەوەشی خستەڕوو “عەبدوللەتیف سەلەفی یەکێکە لەو کەسانەی کە بەرپرسانی زاڵم و زۆرداری هەرێمی کوردستان کە بەرپرسن لە چەوساندنەوە و برسیکردنی میللەت بە وەلی ئەمری خۆی دەزانێت کە ئەمەش تاوانە و ناکرێت پێشەوا ئایینییەکان پشتیوانی لە کەسانی زۆردار بکەن”.
ب ح