بەغدا 830 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکات

مەودا میدیا-

وەزیری نوێی دارایی عیراق سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سیاسەتی پێشووی وەزارەتەکەی گۆڕیوە و بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ لە پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان ببڕێت و بڕی 830 ملیار دینار رەوانە بکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی رایگەیاندووە “تاوەکو ئێستا فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق، سوورە لەسەر داواکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ، لەکاتێکدا مانگی پێشوو چاوەڕێی کردووە تاوەکو هەرێمی کوردستان 50 ملیار دیناری ناردووە”.

بەپێی زانیارییەکان، فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق لەبارەی کەمکردنەوەی پشکی داهاتی ناوخۆ بە شاندی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە “تاوەکو لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بڕیاری نوێ لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەو بڕە کەمناکاتەوە و مەرجە 120 ملیار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم رادەستی وەزارەتەکەی بکرێت”.

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆداوە داهاتی ناوخۆی هەرێم بەڕێژەی 60% کەمبووەتەوە و حکومەتی هەرێمیش پێشنیازی کردووە بەغدا 120 ملیارەکە بۆ 60 ملیار دینار کەمبکاتەوە، چونکە مانگانە لە داهاتی ناوخۆ دەبێت 43 ملیار دینار بۆ مووچەی گرێبەستەکان تەرخان بکات، چونکە ئەمە لە لیستی مووچەدا جێگەی نەکراوەتەوە و بەغدا خەرجی ناکات، هەروەها مانگانە بۆ پرۆژەی ڕووناکی 45 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیای داناغاز لەبەرانبەر پێدانی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان