کاروان ئەنوەر
لە رۆژانی رابردوودا، بەشێکی زۆری ئەو بابەتانەی لە میدیا و سێبەرەکان و بندیوارەکاندا بڵاوکرانەوە، حاشا حازری (حاشا حازری) دەویست.. چی وترا؟ تۆ بڵێ چی نەوترا!! ھیچ نەما نەوترێت و باس نەکرێت و ڤیدیۆی بۆ نەکرێت، ھیچ نەما لە سوکایەتی بە بینەر، بیسەر و خوێنەر نەکرێت!! میدیا و سۆشیاڵ میدیا تا سەر ئێسقان ئازاری ھاووڵاتی کوردیاندا.. بۆیە خەڵكی ئاسایی هەرێمی کوردستان نوێنەرێکیان ھەڵبژاردووە بەناوی (کوردە) تا بە میدیاکان بڵێت: باش بزانن میدیای رەسەن سەعاتەکانی بۆ ئێمە ھەموو وەک یەکن، پێش و پاش سەعات 11 ی شەومان نییە، دەبێت ھەموو کاتەکانتان بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزان بێت و پێکەوە بینەرتان بین، لە سکرینی باخچە، مارکێت و بازاڕەکانەوە بێ ترس و دڵەکوتێ سەیری کار و کارنامە و ئیشەکانتان بکەین، ئێوەش رادیۆکان لە ئۆتۆمبێلەکانمانەوە لەگەڵ دایک و باوک و منداڵەکان و دایکی منداڵان بەبێ توت و شەرم گوێتان لێبگرین، ھەر ئەم ھاوڵاتییە کوردە بە کەناڵەکانی دیجیتاڵ میدیاش دەڵێت: راستە ئێوە ھێشتا باڵق نەبوون و تازە پێدەگەن، بەڵام خۆ ناکرێت سواری پشتی گای ھار ببن و بە ھیچ ھێز و تکاو رجایەک لەسەر ئەم پشتە نەیەنە خوارەوە، ئێوە ئەگەر بتانەوێت ببنە شوێنگرەوەی میدیاکانی دیکە، بەم قەڵافەت و سەقافەتەوە نە بۆنی پێوە دەکەن، نە تامی دەکەن، نە سفتاحی لێدەکەن.
ئێمەی هاوڵاتی لەم ماوەیەدا چاومان چووەسەر هەندێک راپۆرت، بابەت و زاراوە، بەڕاستی شەرم لە خۆمان دەکەین ئێوە بە میدیاکار بناسێنین- کوردە وا دەڵێت- تەواو.
منیش وەك خاوەنی ئەم گۆشەیە لە رۆژانی رابردوودا، هەندێک زاراوە و دەستەواژەی قورس و نەشیاوم بیستووە، کە نازانم چۆن لەسەریان قسە بکەم، ئەم یەعانە رستەی کول و سواو و پۆرن ئاسا، وشەسازیی بە زاراوەی قەتیس لە سێکس و بەتاڵ لە حەیا و حورمەت؟ قسە لەسەر بتڵ و پرۆمۆی کورتان و بەھیندان و سیغە و کەتن و ژێرناوک و بەینی ھین و یارۆ و کابراو دەعبا و ھەموو ئاوەڵناوە شاراوەکانم بیست و خوێندەوە و بینی، تەنانەت لەسەر میدیای کاغەزیش بەیاننامە رەسمییەکان لەم زمانە بەتاڵ نەبوون.
خۆ پرسیار عەیب نییە؟ ئێمە چیمان بە خۆمان کرد و چیمان بە میدیاکەمان کرد؟
پاکیزەیی میدیامان بە نوکی نێزەی خۆپەرستیی، خوێناوی کرد، تفمان لە پیرۆزیی میدیا کرد، رۆژنامەوانیمان خەجاڵەت کرد، چونکە میدیا تەنها بڵاوکردنەوە نییە؛ بەرپرسیارییە، رێزە، پاراستنی زمان و کولتوورە، ئەگەر ئەم بنەمایانە لەدەست بدەین، ئەوا ئێوەمان خۆش، میللەتمان خۆش، داھاتوومان خۆش..دەرئەنجامی ئەم دەستشلکردن، خۆشلکردن و نەفەک کردنەوە و بێباکییە لە میدیا، باش ناڵێت. لە داهاتوودا، مێژوونووسێک یان توێژەرێک باسی ئەم قۆناغەی میدیاکەمان بکات، ئەم سەردەمە بە قۆناغی بێمۆراڵی، بێشەرم و بێترس و بێپابەندیی بە بنەماکانی پیشەی میدیا دەناسێنێت.
میدیای کوردی لە مێژوودا ئەرکی قورس و پیرۆزی خۆی هەبووە، میدیای شاخ و ئێزگەکانی شۆڕش رۆڵی خۆیان بینی لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە گەنجان، نەوەیەکیان لە ژێر کاریگەریی بیری داگیرکەر و فکری بەعسدا قوتارکرد، ئەدەبی بەرگریی و بیری کوردایەتیان چاند و خەباتیان فێری خەڵک کرد، چەند جوان دەنووسران، دەخوێنرانەوە، چەند کاریگەر بوون، چەند شانازیمان پێوە دەکردن.
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو 1750 میدیایەی ئەمڕۆ، کە هەزاران کەناڵ و پلاتفۆرمی جیاوازن، بە میدیای سادەی سەردەمی شاخ، بە تایبەتی رادیۆکانی شاخ، ئەوە ئاسمان و رێسمانە، بۆیە ھەمیشە دەڵێم رادیۆکەی شاخ، بە بارتەقای ئەم ھەموو کەناڵەی ئێستا، ئەرکی میدیای زۆرتر و باشتر و جوانتر گەیاندووە.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
خ.غ