مەودا میدیا-
دوای ماوەیەكی كەم لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا، جارێكیتر نرخی ئەو كانزایە رووی لە دابەزین كردەوە و شارەزایەكیش دەڵێت دوو هۆكاری گرنك هەن كە وادەكەن نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە دابەزین.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” دوو هۆكار هەن كە وادەكەن زێڕ بە لانی كەم تا مانگی نۆی ئەمساڵ بەردەوام بێت لە دابەزین، بەڵام ناوبەناو ریتێستی بەرزبوونەوەش دەكات”.
وتیشی” دووبارە دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ سەر یەكتر و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ، چونكە تا زیاتر نرخی نەوت بەرزببێتەوە نرخی زێڕ بە پێچەوانەوە دادەبەزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” هۆكاری دووەمی دابەزینی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەرەكانی زیادكردنی سوودی بانكی یان هێشتنەوەی وەك خۆی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە كە بڕیارە مانگی نۆی ئەمساڵ بڕیاری لەبارەوە بدرێت”.
باسی لەوەشكرد” ئەگەر پێشهاتەكان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا پێشبینی دەكەن تا مانگی نۆی ئەمساڵ سەرەڕای هەندێك ریتێستی بەرزبوونەوە، بەڵام نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە دابەزین”.
ئ پ