مەودا میدیا-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد بەهۆی فشارە زۆرەکانی حزبی بەعس سوریای بەجێهێشتووە و لە دەرەوەی وڵات خوێندنی تەواوکردووە و بەڵام بۆ پاراستی گەلەکەیان گەڕاوەتەوە سوریا کە لە سەرەتای جەنگی کۆبانێدا هاوپەیمانان دوودڵ بوون لە هاوکاریکردنیان، بەڵام دواتر بەهۆی خۆڕاگریی شەڕڤانان پشتیوانییەکانیان دەستپێکردووە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند “لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی سوریا، داعش پێشنیازی دروستکردنی ویلایەتێکی کوردی پێداون لە بەرانبەر بەیعەتدان بە خەلافەتەکەیان بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە چونکە خەبات و تێکۆشانی ئەوان لەپێناو گەلی کورد و پاراستنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە و هەوڵیانداوە لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکەونەشەڕەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دووجار لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەوکاتی سوریا کۆبووەتەوە و داوایەکی مێژوویی ئاڕاستە کردووە ئەویش گۆڕینی (کۆماری عەرەبیی سوریا بۆ کۆماری سوریا) تاوەکو هەموو پێکهاتەکان رۆڵیان لەم وڵاتەدا هەبێت بەڵام ئەسەد داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و پێداگربووە لە تۆخکردنەوەی عەرەب چێتیی”.
ئەوەشی خستەڕوو “بەشار ئەسەد پێی وتین پڕۆژەیەکی نوێی پێیە بۆ سورییەکان هیواخوازە کوردیش قبوڵی بکات ئەویش پەرەپێدانی چەمکی عەرەب چێتییە لە سوریا، لە بەرانبەردا پێیان وتووە کە ئەمە مەحاڵە و عەرەبچێتی لای ئەوان قبوڵکراونییە، بۆیە هیچ لێکتێگەیشتنێکی سیاسی دروست نەبوو”.
باسی لەوەشکرد “دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد لەگەڵ شەرع کۆبووەتەوە پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی کاتیی سوریا، دواتر سێ جار لەگەڵ شەرع کۆبووەتەوە بەبێ ئامادەبوونی ئەمەریکییەکان و کۆبووەکان سوری – سوری بووە و سێ رێککەوتنیان لەگەڵ شەرع لە (10ی ئاداری 2025 و 18ی کانوونی دووەم و 29ی کانوونی دووەمی 2026) واژۆ کردووە”.
وتیشی “پەیوەندییەکانی ئێستای هەسەدە و چەکدارانی سەربە حکومەتی کاتی دیمەشق لەسەر دوورکەوتنەوە لە شەڕ و پێکدادان بنیادنراوە، بۆ بەدیهێنانی مافی پێکهاتەکانی سوریا تەنها بە لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی بەدیدێت، هیواخوازە رۆژێک بێت جلی سەربازیی دابکەنێت و وەک سیاسییەکی مەدەنی کار بکات”.
ب ح