مەودا میدیا-
وتەبێژی سوپای پاسداران ئاشکرایکرد هەر وڵاتێک، چ بەریتانیا بێت، یان دەوڵەتانی کەنداو، یان هەر شوێنێكی تر، ئەگەر پشتیوانی ئەمەریکا بکات لە جەنگەکەدا، خاك و ئاسمانی بەركاربهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، دەبێتە ئامانجێکی رەوای سوپاکەیان.
حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند “بەریتانیا پێشینەیەكی رەشی هەیە لە ناوچەكەو سەرچاوەی دابەشكاریی وڵاتە ئیسلامییەكانەو هەرگیز خاوەنی كارنامەیەكی باش نەبووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەریتانیا هەمیشە پاشكۆی ئەمەریكا بووە، چاوەڕێی ئەوەشی لێنەكراوە بیركردنەوەیەكی جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئەمەریكا و ئیرادەی بەتەوای لە دەستی واشنتۆندایە”.
ئەوەشی خستەڕوو “فڕۆکەكانی B-1 ئەمەریکا فڕۆکەخانەکانی بەریتانیایان بەکارهێناوە، ئەگەر ئەم وڵاتانە هاوکار بن لە هێرشكردنە سەر ئێران، ئەوا دەبنە ئامانجی رەوای ئێران، بۆ هەموو بارودۆخێکیش سیناریۆیەکی دیاریکراویان هەیە”.
ب ح