مەودا میدیا-
جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانیی کوردستان سەبارەت بە زیادکردنی کرێی خزمەتگوزاریی لە شاری مامۆستایان ئاشکرایکرد بڕیارەکە جێگەی قبوڵ نییە و داوا لە دانیشتووانی پرۆژەکە دەکەن کەس پابەند نەبێت بەم زیادکردنەوە.
بەرهەم مستەفا، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “بەدواداچوونی تەواو دەکەن تاوەکو بزانن لە چ شوێنێکەوە پشتگیریی لەم زیادکردنە کراوە، پرۆژەکە پرۆژەیەکی هێندە کوالێتی بەرزنییە تاوەکو لە 45 هەزارەوە بۆ 60 هەزار دینار زیاد بکرێت، پرۆژەکە دوورە لە شار و هێڵی پاسی نییە، ئەو پرۆژانەی لەنێو شارن 60 هەزار وەردەگرن ،چ جای پڕۆژەیەک کە هۆکاری گواستنەوەی سفرە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” ئەو خێزانانەی لەم پڕۆژەیەدا دەژین مام ناوەند و خوار مام ناوەندن لەڕووی داراییەوە ، ناکرێ خوێندنەوە بۆ ژیانی دانیشتووانەکەی نەکرێ ، بیر لەگیرفان پڕکردن و قازانجی زیاتری خۆیان بکەنەوە، پرۆژەکە جگە لەوەی چەندین رێگەی پارە پەیداکردنی تێدایە بۆ کۆمپانیاکە ، جێی سەرسووڕمانە چاویان لە گیرفانی دانیشتووانەکەی بڕیوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەم جۆرە مامەڵەیەی کۆمپانیاکە پرۆژەکە زیاتر ئەشکێنێ لەڕووی نرخەوە ، دواتر لە سەدا 40 ی٪ی پرۆژەکە خەڵکانێکی تێدا نیشتەجێیە کە کرێچین و ئەمەش دەبێتە بارگرانییەکی تر، کە لەئێستادا دۆخی دارایی و گوزەرانی خەڵک زۆر ناجێگیرە بە تایبەت مووچەخۆران ، سەیرە خوێندنەوە بۆ ئەم گرانی و شەیتان بازاڕییە نەکراوە”.
ب ح