مەودا میدیا-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ئیجە لەنزیک دوورگەکانی سامۆس و لێسبۆسی یۆنان، 12 کۆچبەر گیانیان لە دەستداو هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانیش هاوڵاتییەکی تەمەن 37 ساڵەی تورکیان دەستگیرکرد کە گومان دەکرێت شۆفێری یەکێک لە بەلەمەکان بێت و تێوەگلابێت لە کاری قاچاخچێتیکردنی مرۆڤ.
پۆلیسی پاسەوانیی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند “لە رووداوی یەکەمدا لەنزیک دوورگەی سامۆس، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو لە باکووری دوورگەکە، شەش کەس گیانیان لە دەستداوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە رووداوی یەکەمدا 14 کۆچبەریان رزگارکردووە و سێ لە کۆچبەرەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی سامۆس کراون، پڕۆسەی گەڕان و پشکنین بەردەوامە”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە رووداوی دووەمدا لەنزیک دوورگەی لێسبۆس، شەش کۆچبەری تر گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی بەلەمێک کە لە تورکیاوە هاتووە و خۆی بە کەشتییەکی هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکاندا کێشاوەو بەلەمەکە هەڵگەڕاوەتەوە و لەم رووداوەدا هەشت کەس رزگارکران و رەوانەی نەخۆشخانە کراون”.
ب ح