مەودا میدیا-
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکوک – شنگال – خانەقین) ئاگاداردەکاتەوە کە لە کاتژمێر (8:30)ی سەرلەبەیانی سبەینێ تاوەکو کاتژمێر (12)ی شەوی رۆژی دووشەممە (2026/10/19) دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین (regayzanko.com) داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند “سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نووسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان تۆمارکردووە، لە کاتژمێر8:30ی سبەینێ هاوشێوەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لە رێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ساڵانە لەگەڵ دەرچووانی 12ی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو “بۆ ئەمساڵیش (دوو هەزار و 700) لە دەرچووانی 12ی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستم و راستەوخۆ داواکاریی بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن، بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچوان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەیان بکەن و ئاسانکاریی و یێنوێنیان پێشکەش دەکرێت”.
ب ح