زۆربەمان ئەو وێنەیەمان بینیوە كە تیایدا منداڵێكی رەشپێستی ئەفریقی دەردەكەوێت و بەهۆی برسێتییەوە هێزی لێبڕاوە و خەریكە دەمرێت، لە پشتەوەشی داڵێك چاوەڕێی مردنەكەی دەكات بۆئەوەی بیخوات.
ئەمە تەنها وێنەیەكی ئاسایی و ناخهەژێن نییە، بەڵكو لە پشتییەوە چیرۆكێكی تری تراژیدی هەیەكە رەنگە هەموو كەسێك نەیبیستبێت.
چیرۆكی پشت ئەو وێنەیە كە فۆتۆگرافەری ئەفریقای باشوور كیڤن كارتەر لە ساڵی 1993 لە سودان گرتوویەتی، یەكێكە لە وێنە كارەساتبارەكانی جیهانی فۆتۆ و رۆژنامەگەری.
ئەو وێنەیە لە گوندی ئەیۆدی سودان، كیڤن كارتەر كاتێك گرتوویەتی كە خەریكی بە بەڵگەنامەكردنی كاریگەرییە وێرانكەرەكانی برسێتی بووە لە ناوچەكەدا، بەڵام لەو كاتەدا چاوی بە یەكێك لە خەمناكرتین و ترسناكترین دیمەنەكان كەوتووە كاتێك بینیویەتی منداڵێكی لاواز، كە تەمەنی لە دوو ساڵ زیاتر نەبوو، بە سەختی و بەوپەڕی ماندوێتی و برسێتییەوە بەرەو ناوەندێكی خۆراك دەڕوات، بەڵام برسێتی هێزی لەبەر بڕیوە و لە رێگادا پەكی كەوتووە، لەگەڵ پەككەوتنی منداڵەكەش داڵێك لە نزیكیەوە دەنیشێتەوە و چاودێری دەكات بۆئەوەی ژەمە خواردنێكی دەستكەوێت.
كارتەر لەو كاتەدا بیست خولەك بە وریاییەوە چاوەڕێی كرد تا وێنەیەك وەك دیمەنەكە بە زیندوویی بگرێت، بەڵام دوای گرتنی وێنەكە وەك ئەركێكی مرۆیی باڵندەكەی دوور خستەوە و منداڵەكەی رزگاركرد.
بەڵام دواتر كاتێك وێنەكە لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزدا بڵاوكرایەوە، ناڕەزایەتییەكی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەزاران كەس پرسیاریان لە چارەنووسی منداڵەكە دەكرد، هەندێكی دیكەش كوێرانە هێرشیان كردە سەر كارتەر و بە كارێكی نامرۆڤانە تۆمەتباریان كرد بەوەی لەبری ئەوەی منداڵەكە رزگار بكات، سەرنجی لەسەر گرتنی وێنەكە بووە.
دواتر كارتەر ئامانجەكەی پێكا و وێنەكە یارمەتیدەر بوو بۆ راكێشانی سەرنجی جیهان بۆ قەیرانی وێرانكەری مرۆیی لە سودان لەو كاتەدا.
سەرەڕای ئەوەی وێنەكەی كارتەر لە ساڵی 1994دا خەڵاتی بەناوبانگی پولیتزەری بەدەستهێنا، بەڵام كارتەر باجی زۆری بۆ سەركەوتنەكانی دا، چونكە بەهۆی بینینی ئەو دیمەنانە و دواتریش هەموو ئەو رەخنە توندانەی كە بەهۆی وێنەكەوە ئاراستەی كران، تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، ژیانی پڕ بوو لە كابوسی منداڵە رەشوڕووت و برسییەكان، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بە تەواوی بڕی، توانای كاركردنی لەدەستدا و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەكان بوو.
دواتریش تەنها چوار مانگ لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە، كارتەر لە تەمەنی 33 ساڵیدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و نامەیەكی دڵتەزێنی بەجێهێشت كە تێیدا دەڵێت” ئازاری ژیان لە خۆشییەكانی زیاترە تا ئەو رادەیەی كە خۆشی بوونی نییە”.
دوای ئەوەش هەم وێنەكە و هەمیش چیرۆكی خۆكوشتنەكەی كارتەر بوون بە دوو لە خەمناكترین چیرۆكە مرۆییەكان و بواری رۆژنامەگەری.
ئامادەكردن و وەرگێران، ئەرسەلان پەرۆش