مەودا میدیا-
ئازاری توندی گەدە بۆ ماوەیەكی كورت بەزۆری دوو بۆ سێ رۆژ دەخایەنێت و مەرج نییە پێویستی بە سەردانی پزیشك هەبێت. هۆكاری ئەم ئازارە كورتەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە: لەوانەش ، غازات و هەرس نەكردن، هەستیاری بە خۆراك، ژەهراوی بوون بە خۆراك، ئەنفلۆنزای گەدە، خواردنی بەهاراتی توندی، خواردنی هەندێك دەرمان بە سكی بەتاڵ، قەبزی، لە هەمووشی زیاتر سترێس و دڵەڕاوكێ.
گرنگترین ئەو چارەسەرە سروشتییانەی كە خۆت دەتوانیت لە ماڵەوە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری گەدە بیكەیت ئەمانەیە:
1/ زەنجەفیل
زەنجەفیل دەتوانێت یارمەتی كەمكردنەوەی ئازاری گەدە بدات چونكە وەك دژە هەوكردن كاردەكات، هەر جۆرە خواردنێكی زەنجەفیل دەتوانێت سوودی هەبێت، وەك خواردنەوەی چای زەنجەفیل.
2/ نەعنا
نەعنا رزگارت دەكات لە ئازاری گەدە و غازات و ئاوسانی گەدە، لەبەرئەوەش كە زۆرێك لەو كەسانەی كە ئازاری گەدەیان هەیە، بەزۆری بەهۆی گرژبوونی ناوپۆش یان دیوارەكانی ریخۆڵە باریكە، قۆڵۆن، یان گەدە دروست دەبێت، بۆیە زەیتی نەعنا ئەم ماسولكانە ئارام دەكاتەوە.
3/ گەرمی
بەكارهێنانی پادی گەرمكەرەوە یان بتڵی ئاوی گەرم یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری گەدە، بەڵام نابێت راستەوخۆ بخرێتە سەر پێستی سك.
4/ شێداری جەستە
كەمبوونەوەی ئاو لە لەشدا دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی كانزاكان لە جەستەتدا، كە كاركردنی ئاسایی جەستە تێكدەدات و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی كۆمەڵێك نیشانە، لەوانەش ئازاری گەدە، بۆیە ئەگەر هۆكاری ئازارەكەت ئەوە بوو، ئەوا پێویستە بڕێكی زیاتر شلە بخۆیتەوە.
5/ سركەی سێو
سركەی سێو كە خەست نەبێت رەنگە یارمەتیدەر بێت لە هەرسكردندا، بۆیە كوپێك ئاوی گەرم لەگەڵ كەوچكێك سركەی سێو و كەوچكێك هەنگوین یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ نەهێشتنی ازاری گەدە.
لە عەرەبییەوە: ئەرسەلان پەرۆش