مەودا میدیا-
شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد کاریگەریی ئەو گەرمایەی چەند رۆژی رابردوو لەسەر ناوچە جیاوازەکان بوو لە ئێستادا لەتەواوی ناوچەکان کۆتایی پێهاتووە، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە وە بای شەماڵ چەند رۆژێکە چالاک بووەتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی شێدار لە دەریای سوورەوە، پێشبینی دەکەن لە رۆژانی (29 و 30 تاوەکو 31ی ئاب) بارانبارین و هەورە بروسکە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەرەتای مانگی داهاتوو بارستە هەوایەکی فێنکی دەریای ناوەڕاست روودەکاتە تەواوی ناوچەکان، بەوهۆیەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەی (3 تاوەکو 5 پلە)ی سیلیزی دادەبەزن، چیتر پلەکانی گەرما هاوشێوەی پێشتر بەرزنابنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “چلەی هاوین کۆتایی هاتووە و قۆناغ بەقۆناغ گەرمای ئەمساڵ ماڵئاوایی دەکات، لە مانگی ئەیلول (9)دا کەشی پێشوەتخەی پایزی و وەرزی دابارینی داهاتووی 2026-2027 دەستپێدەکات”.
ب ح