مەودا میدیا-
وتهبێژی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان ئاشکرایکرد دەبوو وڵاتانی ناوچەکە بە ئاگاییەکی زۆرترەوە مامەڵە بکەن، لە ئێستاشدا دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران، و سعودیە ئەرکێکی مێژووییان لەسەرە تاوەکو رێگریی بکەن لەوەی ململانێی نێوان (ئێران) لە لایەک و (ئەمەیکا و ئیسرائیل) لە لایەکی تر، بگۆڕدرێت بۆ شەڕێکی تائیفی لە ناوچەکەدا.
محهمهد حهكیم، وتهبێژی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان رایگەیاند “هەڵگیرساندنی شەڕی تائیفی بە وردی ئامانج و نەخشەی بنەڕەتیی ئەمەریکا و زایۆنیزمە بۆ پارچەپارچەکردنی پێکهاتەکانی ناوچەکەو مەشغوڵکردنیانە بەیەکەو کردنەوەی بازارێک بۆ ساغکردنەوەی چەکەکانیان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “رووداوەکانی ئێستای یەمەن ناکرێت تەنها لە چوارچێوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە یان بە پێوەرو پێشینەی رەفتاری خراپی حوسییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک بەشێک لەم هاوکێشە گەورەیە سەیر و شیکاریی بەرفراوانی بۆ بکرێت تا وێنە گشتییەکەی ململانییەکان روون ببێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “دەبێت خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بکرێت، چونکە کێشەی سەرەکی زۆربەی شیکارییە سیاسییەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە رووکەشانەن، خۆزگە قووڵتر لە بابەتەکانیان دەکۆڵییەوە، تاوەکو باشتر لە رووداوەکانی یەمەن و ململانییەکانی ناوچەکە هەڵسەنگاندنی رووداوە جیوپۆلۆتیکییەکاندا بگەن”.
ب ح