مەودا میدیا-
وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عیراق لە کاتێکی هەستیاردایە، بە تایبەت کە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاریی و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “رۆژی 30ی ئەیلول هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عیراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵ و ئەمەریکا و هاوپەیمانانە، بەڵام خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتی خوازدایە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەكاتی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە مانگەکانی رابردوو ، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی، مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمەریكاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگریی مایەی نیگەرانییە، لە هەمانکاتدا دڵنیان کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت”.
باسی لەوەشکرد “هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە رابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و رووبەڕووی مەترسیەکان ببێتەوە”.
وتیشی “وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و رێز لە هاوکاریی و پشتیوانیان دەگرێت لە رابردوودا بەرانبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە، وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگریی عیراق لەگەڵ سوپا پەیوەندیەکی دەستووریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت،
ب ح