مەودا میدیا-
لە ماوەی تەنها 24 كاتژمێردا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بە نزیكەیی 120 دۆلار دابەزیوە و بەپێی شیكاری شارەزایانی بازاڕە داراییەكانیش ئەگەری دابەزینی زیاتر هەیە.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “دووركەوتنەوەی زیاتری نێوان ئەمەریكا و ئێران لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان و لێدوانەكانی ترەمپ لە بارەی بەردەوامی سزكانی سەر ئێران، هۆكارێكی سەرەكین بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا”.
وتیشی” ئەو ئاڵۆزییانە ئەگەرەكانی كردنەوەی گەرووی هورمزی بە تەواوی لاواز كردووە، ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە و لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ داببەزێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی زێڕ ئەگەرەكانی بەرزكردنەوەی سوودی بانكییە لەلایەن بانكی ناوەندی ئەمەریكاوە كە ئێستا گومانێكی زۆری لای كڕیارانی زێڕ درووست كردووە و تا رادەیەك لەو هەنگاوەی بانكەكە دڵنیابوونەتەوە”.
باسی لەوەش كرد “ئاراستەی بازاڕ تا رادەیەك دیارە و ئەگەرەكانی دابەزینی زیاتر، زیاترە لە ئەگەرەكانی بەرزبوونەوە”.
ئ پ