دێرین جەمال
لەگەڵ راگەیاندنی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ دیاریکردنی پۆشاکی یەکپۆشیی خوێندکاران لە باخچەوە تا ئامادەیی، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دیاریکردنی جلی یەکپۆش هەنگاوێکی زۆر جوانی پەروەردەیییە، چونکە سیمایەکی بەرز رێکدەخات، جیاوازیی چینایەتی لەناو پۆلەکاندا ناهێڵێت و ناهێڵێت هیچ منداڵێک لە بەرانبەر هاوڕێکانی پێداویستییەکانی بنوێنێت یان هەست بە کەمتر بکات، بەڵام کێشە گەورەکە لەوەدایە لە سایەی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەدا، دابینکردنی ئەم پۆشاکانە بووەتە بارگرانییەکی زۆر قورس و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام لەسەر شانی خێزانەکان. دابینکردنی جلوبەرگ، جانتا و پێداویستیی خوێندن بۆ بەخێوکەرێک کە دوو تا سێ خوێندکاری یان زیاتری هەیە، لە سایەی ئابووریی بازاڕی ئازاد و نەبوونی پاڵپشتیدا، بووەتە بارێکی کەمەرشکێن لەسەر پشتی خێزانی کورد.
ئەم بارگرانییە پرسیارێکی بنەڕەتی و جدی دەورووژێنێت کە ئایا حکومەت ناتوانێت ئاوڕێک لە سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پێش راپەڕین بداتەوە؟ لەو سەردەمەدا بە کاراکردنی چەند بنەمایەکی ئابووریی هاوچەرخ، هەم بژێویی خێزانەکان دەپارێزرا و هەم ژینگەی شارەکانیش لە پیسبوون بەدوور دەبوون.
بۆ نموونە بە دامەزراندنی کارگەی نیشتمانیی پۆشاک یان بەگەڕخستنەوەی سیستمی کارگەکانی دروومانی ناوخۆیی (ئەلبیسە)، دەیان هەزار دەرفەتی کار بۆ خانمان و بێکاران دەڕەخسێنرا و لە هەمان کاتدا پۆشاکی قوتابخانەکان بە نرخێکی زۆر هەرزان و رەمزی دەخرایە بەردەست بنەماڵەکان.
لەلایەکی ترەوە بە داڕشتنەوەی سیستمی هاتوچۆی گشتی و گەڕاندنەوەی پاسی تایبەت بۆ فەرمانبەران و کاراکردنەوەی (پاسی مەسڵەحە) بۆ هاوڵاتییان و خوێندکاران، نەک هەر خەرجیی رۆژانەی سووتەمەنی و کرێ لەسەر شانی خێزانەکان کەم دەبووەوە، بەڵکوو قەرەباڵغیی شەقامەکان رێکدەخرا، دووکەڵ و ژەهراویبوونی ئاسمانی شارەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەبووەوە و پارێزگاری لە ژینگە دەکرا.
جگە لەوەش بە دروستکردنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە رێگەی (ئەسواقی مەرکەزییەوە)، پێداویستیی ناوماڵ بە نرخی کارگە بە راستەوخۆ دەدرا بە مووچەخۆران بە بڕینێکی زۆر رەمزی لە مووچەکانیان تا رێگە لە هەڵئاوسانی دارایی و قۆرخکاریی بازاڕ بگیرێت.
سەرەنجامی هەموو ئەو رێکارانە ئەوە بوو کە منداڵی ماڵە دەوڵەمەند و کەمدرامەت بە هەمان پۆشاک و بە هەمان پاسی مەسڵەحە دەچوونە قوتابخانە، کە ئەمەش رێگری لە دروستبوونی گرێی دەروونی دەکرد و جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا دەسڕییەوە.
ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووه حکومەت لەبری دەرکردنی، بڕیارێک بەبێ پاڵپشتیی دارایی، ئاوڕ لەم پێشنیازە بنەڕەتییانە بداتەوە، تاوەکو وەرزی نوێی خوێندن لەبری ئەوەی مۆتەکەی ئابووری بێت، ببێتە وەرزی ئومێد و خۆشحاڵی بۆ خوێندکاران و دایک و باوکان.
ئەمە پەیامێکی کراوەی منە وەک رۆژنامەنووس و چالاکوانێک بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرپەرشتیکردن و دیاریکردنی پۆشاکی خوێندکاران بە رەچاوکردنی باری دارایی خێزانەکان، بۆ وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگەکانی دروومانی ناوخۆیی و بازاڕە ناوەندییەکان، بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ دابینکردنی تۆڕی گواستنەوەی گشتی بۆ فەرمانبەران و خوێندکاران، بۆ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەی گواستنەوەی گشتی بە مەبەستی کەمکردنەوەی دووکەڵ و قەرەباڵغی و بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ رێکخستنی پاڵپشتییە داراییەکان و پاراستنی بژێویی خێزانە کەم دەرامەتەکان.
ئەم داوایە تەنها خستنەڕووی کێشەیەک نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و راگەیاندنە لە بەرانبەر ئازارەکانی هاوڵاتییاندا، وەک رۆژنامەنووس و چالاکوانێک هیوادارم ئەم پەیامەم بگاتە شوێنی خۆی و بەدەنگەوەهاتن و وەڵامێکی کرداریی لەسەر زەمینی واقیع هەبێت، تا دەسەڵاتداران بە دڵێکی فراوانەوە گوێ لەم پێشنیازانە بگرن و بارگرانیی لەسەر شانی خێزانەکان سووک ببن.
خ.غ