مەودا میدیا-
دوێنێ جارێكیتر نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونی گرتەبەر و شەوی رابردووش پێش داخستنی بازاڕەكان نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە 4,965 دۆلار.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ بە ئەنجامنەگەیشتنی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و گومانی وەبەرهێنەران لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و تێكچوونی زیاتری بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
وتیشی”ئەگەر هیچ هەواڵێكی ئەرێنی نوێ روونەدات، ئەوا پێشبینی دەكەن هەفتەی داهاتوو دوای كردنەوەی بازاڕەكان نرخی ئەو كانزایە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە تا ئەوكاتەی گەڕی دووەمی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەستپێدەكاتەوە و ئەوكات ئاراستەی نوێی زێڕ دەردەكەوێت”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە هەر لە هەفتەی رابردوودا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بۆ 4,405 دۆلار دابەزی، بەڵام تا كاتی داخستنی بازاڕ هەمان نرخ بەرزبووەوە بۆ 4,965 دۆلار، واتا تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەك زێڕ 560 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئ پ