هێزه‌كانى یه‌مه‌ن شارى مۆخایان ئازادكرده‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

هێزەکانی حکومەتی یەمەن ئه‌مڕۆ دووشەممە دوای شەڕی توند لەگەڵ تاقمی حوسییەکان دەستیان بەسەر شاری مۆخا لە رۆژئاوای پارێزگای تائیزدا گرت.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی (سەبا)ی یەمەنی راگەیاندووە، ئەو هێزانە بە پاڵپشتی ئاسمانی توانیویانە شاری مۆخا کە دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای سوور لە رۆژئاوای یەمەن کۆنترۆڵ بکەنەوە، ئەوەش دوای پێکدادان لەگەڵ گرووپی حوسییەکان کە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە شارەکەیان کۆنترۆڵکردبوو.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شەڕانە کە لە چەند شوێنێکی دەوروبەری مۆخا روویانداوە، بەکارهێنانی جۆرەها چەکیان تێدابووە و لە ئاکامدا کوژران و برینداربوونی لەنێو گرووپی حوسی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانەکەی و هەڵاتنی کەسانی ترى لێکەوتەوە.

پێشتریش رۆژی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستیان بەسەر ناوچەی باب ئەلمەندەب و فڕۆکەخانەی زوباب لە باشووری رۆژئاوای یەمەندا گرتووە، بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (dpa).

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕەشاد ئەلعەلیمی، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ناوی بەیانی یەمەن راگەیاند، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە کۆنتڕۆڵی گرووپی حوسییەکانە بەسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە.

ئەلعەلیمی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی “X” رایگەیاند “ئۆپەراسیۆنی بەیانی یەمەن بۆ گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و رزگارکردنی سەنعای پایتەخت و کۆتاییهێنان بە کودەتاکەی میلیشیا تیرۆریستەکانی حوسییەکان دەستیپێکردووە”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان