مهودا میدیا-
دوو بەرپرسی باڵای ئێران ئاشکرایان کرد کە ئێران تاکتیکی هێرشبەری نوێی گرتۆتەبەر بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەی کە لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن، بە ئامانجی ئەوەی نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵێتەوە و کاریگەری لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمهریکا کە بڕیارە لە مانگی تشرینى دووهمى ئهمساڵ بەڕێوە بچێت.
ئەو بەرپرسانە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئێران نزیکەی دە رۆژ لەمەوبەر دەستیکردووە بە بەکارهێنانی رێگەی جیاواز لە دژی ئەو کەشتیانەی کە بە پێشێلکردنی سنووردارکردنی خۆی دەزانێت، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانە.
روونیشیان کردەوە کە ئەو ستراتیژە نوێیە کە لە ئاستە باڵاکانی سەرکردایەتیی ئێران پەسەند کراوە و بەتەواوی هاوئاهەنگی لە نێوان پایەکانی دەسەڵاتدار هەیە، گۆڕانکاری لە جۆر و فرەوانی هێرشەکان لەخۆدەگرێت و یەکێک لە ئامانجەکانی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمهریکایە، یەکێک لەوانە رایگەیاندووە “ئامانج پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانییە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی جیهانی”.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئێران لە بنەڕەتدا تاکتیکی خۆی گۆڕیوە، سوپای پاسداران پەنای بۆ بەکارهێنانی چاودێرانی بێ چەک لەسەر بەلەمی بچووک بۆ چاودێریکردنی ئامانجە ئەگەرییەکان، لەنێویاندا کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمهریکا، دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمهریکا زۆربەی تواناکانی رادارەکانی ئێرانی لەناوبرد.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا کە ئێران نایەوێت مەترسیی مانەوەی کەشتییە هێرشبەرە خێراکانی بخاتە مەترسییەوە، نەیتوانیوە رێگری لە زیادبوونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووەوە بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمهریکا هێزی دەریایی وڵاتەکەی لەناوبرد.
شەڕەکە و تێچووی مانگانەی مەزەندەکراو کە نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، بووەتە پرسێکی سەرەکیی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمهریکادا، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوی خۆی لەدژی ئێران دەکاتەوە، رایگەیاندووە بەر لە هەڵبژاردن هێرشێکی تر دەست پێناکات، هاوکات واشنتۆن بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و فراوانکردنی سزاکان لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
ع