خاتوو ژیان گەردی؛ گوڵێکی بە رەنگ و بۆی گوڵدانی ژن، داکۆکیکارێکی زمپاراو و قەڵەم بەبڕشت، کە وەک پارێزەر و وەک نووسەریش بووەتە دەنگی ژنانی زوڵملێکراو و قوربانیانی دەستی داگیرکاری و توندوتیژی و کولتووری نامۆ بە کورد…
خاتوو ژیان لەو خاتوونە دانسقانەیە کە بۆ کورد پێویستن، بەڵام بۆ؟ چونکە ئازار و ئەزموون دەکاتە هەڵوێست و وشە… بەڵێ، ئێمەی کورد زۆر پێویستمان بەوەیە هەموو چیرۆکەکان و ئەزموونەکان و ئازارەکانمان و تەنانەت هەڵە و پەڵەکانیشمان بنووسینەوە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی خۆمان و نەوەکانی داهاتووش وانەیان لێ وەربگرین، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دوژمنانیش نەتوانن هەر وا بەئاسانی بمانسڕنەوە… ئەوەتا دەرکەوت دوژمن زیاتر لەوەی لە چەکەکانمان دەترسێت؛ لە مێژوومان، لە زمان و کولتوور و ئەفسانەمان، لە شاخ و درەختمان و کانیمان، لە شیعر و ئاواز و یەکدەنگیمان، لە دەنگی لاو و پرچی کیژ و هەڵپەڕینمان دەترسێت… بەڵێ، وەک ئازاری ئێمە ترسی ئەوانیش بێسنوورە…
رەچەڵەک، لەدایکبوون و دەستپێکی مێژوویەکی پڕ لە برین
لە ساڵی 1967 لە شاری هەولێر، لە گەڕەکی دێرینی (سەیداوە) لەدایک بووم. هاتنی من بۆ ئەم جیهانە، هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێکی پڕ لە ئازار بۆ خێزانەکەم. کاتێک لەدایک دەبم، هێشتا برینەکانی سەر جەستە و دەست و پێیەکانی باوکم ساڕێژ نەبووبوون. ئەو برینانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەدانی دڕندانەی (حەرەس قەومی) و دەرهێنانی نینۆکەکانی بە گاز دروست بووبوون، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانیان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵمان و تەواوی ئۆتۆمبێلەکانیان بردبوو و سووتاندبوویان.
من لە باوەشی دایک و باوکێکی تەواو کورد و کوردپەروەر و نەتەوەیی هاتوومەتە دونیاوە و چوارەمین منداڵی خێزانەکەمم. لەژێر سێبەری باوکێکی سەربڵند و دایکێکی خاوەنشکۆ و خواوەندئاسا گەورە بووم، کە فێری کەرامەت و خۆڕاگرییان کردم.
سەرەتای تینوێتی بۆ خوێندن و یادەوەرییەکانی قوتابخانە
خولیام بۆ فێربوون، پێش تەمەنی یاسایی خوێندن دەستی پێ کرد؛ لەبیرمە، هێشتا نەچووبوومە قوتابخانە، زۆر ناڕەزا بووم کە بۆچی نامنێرنە بەر خوێندن، خۆم پێ لێهاتوو بوو، دەمگوت منیش دەزانم بنووسم. تەنیا دوو ژمارەم دەزانی بنووسم، بەڵام شانازیم پێوە دەکردن.
دوای ساڵێک، دواجار چوومە قوتابخانە و لە قوتابخانەی (گوڵاڵە)ی سەرەتایی لە گەڕەکی خۆمان لە هەولێر، دەستم بە خوێندن کرد.
یەکەم مامۆستا کە وانەی پێ گوتم و هەرگیز فەزلی لەبیر ناکەم؛ مامۆستا (ئافەرین) بوو، کە سوپاس بۆ خودا، تا ئێستاش ماوە. لە قۆناغەکانی تری سەرەتاییدا، چەند مامۆستایەکمان هەبوو کە خەڵکی موسڵ بوون و پێیان دەگوترا: (ئەخەوات موسلیمات)، بۆ ئێمە زۆر سەیر بوون، چونکە کورد نەبوون و لە رووی شێوازی جلوبەرگ و خۆپێچانەوەوە، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ مامۆستا کوردەکاندا هەبوو. لە بەرانبەردا، یەک مامۆستای کوردمان سەرپۆشبەسەر نەبوون، بەڵام هاوشێوەی مامۆستا (لایقە) و مامۆستا (شەهلا نازم)، پەیکەری جوانی، بەڕێزیی، شکۆ و کولتووری رەسەنی کوردانە بوون.
لە تەواوی بۆنە و چالاکییەکانی قوتابخانەدا پێشەنگ و بەشداربووی سەرەکی بووم لە خوێندنەوەی هۆنراوە و سروودە نیشتمانییەکان، کە تاوەکوو ئەمڕۆش وشە بە وشەیان لە مێشکمدا ماونەتەوە.
شەوی 17ی تەمووزی 1977؛ ئەو زەبرەی مێژووی گۆڕیم
لە ساڵی 1977 کاتێک تەمەنم تەنیا دە ساڵان بوو، لە شەوی 17ی تەمووزدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی کودەتای رژێمی بەعس، کارەساتێکی گەورە بەسەر ماڵەکەماندا هات؛ پیاوانی ئەمن، بەبێ لە دەرگادان، لە سەربان و ناو حەوشەی ماڵەکەمانەوە دەرکەوتن و هەڵیانکوتایە سەرمان.
بە بەرچاوی ئێمەی منداڵەوە، بە قۆنداخی تفەنگ پیلی باوکمیان شکاند و قۆڵبەستیان کرد. هەر لەو کاتەدا برا گەورەکەم (خەسرەو)، کە هێشتا نەوجەوانێکی شازدە ساڵان بوو، قۆڵبەستیان کرد. ئێستاش چاوەکانی باوکم و هاواری شێرانەی لە هزرمدا زیندووە؛ کاتێک رووی تێ کردن و داوای کرد دەست لە برا نەوجەوانەکەم هەڵبگرن. دایکم لەو کاتەدا دووگیان بوو، کاتێک ویستی بەرگری لە براکەم بکات، پیاوانی ئەمن پاڵیان پێوە نا و پشتاوپشت خستیان. ئەم ستەمە بووە هۆی تێکچوونی باری تەندروستیی و دواتر مردنی کۆرپەکەی سکی، کە برینێکی قووڵ بوو بۆ خێزانەکەمان.
دەنگی باوکم تا ئێستا لە گوێیەکانمدا دەزرینگێتەوە؛ کاتێک بە غروورێکی پۆڵایینەوە هاواری بەسەر پیاوانی رژێم و خۆفرۆشەکاندا کرد و گوتی: “کانۆ، خولە… ئێوە ئەو پیاوەن دەست بۆ ئێمە درێژ بکەن؟” کانۆ چاوشین و خولەی برای؛ دوو جاش و خۆفرۆشی ناسراو بوون، ماڵیان لە گەڕەکی سێتاقان بوو، بووبوونە دەڵاڵی گرتنی باوکم و براکەم (شەهید خەسرەو). لەو شەوەدا تاریکەدا، باوکی سەربڵندمیان لەگەڵ براکەم راپێچی زیندانەکانی بەعس کرد و ئاراستەی ژیانی منیان بۆ هەمیشە گۆڕی.
لە سێبەری ستەمدا؛ ململانێی مانەوە
لە ساڵی 1977دا، کاتێک تاریکیی زوڵم و راوەدوونان باڵی بەسەر ژیانماندا کێشا، دایکم بەتەنیا پشتیوانی و لێپرسراوێتیی ژیانی ئێمەی گرتە ئەستۆ. ئەو دەبوو لەنێوان باهۆزی بێدادیی رژێم و دابینکردنی بژێویی پۆلێک منداڵدا، کە جگە لە من، شەش منداڵی تری لە ئەستۆ بوو، هاوسەنگی بپارێزێت. سەرچاوەی بژێوی و مانەوەمان؛ کرێی دوکانە بەکرێدراوەکانی بازاڕی (فەرهاد) بوو لە هەولێر. ئەو بازاڕە، کە هەمووی هیی باوکم بوو و پێشتر بە ناوی یەکێک لە براکانمەوە ناو نابوو، شوێنێکی دیار و ناسراوە لە دڵ و ناوەندی شاردا، لەو بەرەیەی کە دەکەوێتە لای نافورە و گۆڕەپانی مێژوویی کەنار قەڵاتی هەولێر.
بەڵام ئێمە لە دەستدرێژیی تەماعکاران و بازرگانانی دەردی خەڵک بەدوور نەبووین؛ هەر کەسە بە ناوێکەوە دەهات و داوای بڕێک پارەی دەکرد، بەو بەڵێنە درۆیینەیەی گوایە دەبنە واستە و نێوەندگیر بۆ دۆزینەوەی شوێنی دەستبەسەرکردنی باوک و براکەم، یان کارئاسانی بۆ ئازادکردنیان. لەژێر باری ئەو باج و سەرانە سەپێنراوانەدا، تەنیا بڕێکی کەم و دیاریکراو لەو داهاتە بۆ بژێویی رۆژانەمان دەمایەوە. باشم لەبیرە، لەو رۆژگارە تاڵانەدا هەموو خوشک و براکانم بەهۆی ئەو ستەمە بێبەزەییانەیەی حزبی بەعس لێی کردبووین، رەنگزەرد، شەکەت و داماو بووبووین.
تەمەنێک لە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ
دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانی و ئەشکەنجە، سەرەنجام باوکم ئازاد کرا، بەڵام برینەکە هێشتا ساڕێژ نەبووبوو، چونکە براکەم بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزا درابوو و رەوانەی (مەدرەسەی فتیان) لە بەغدا کرابوو.
دوای گەڕانەوەی، باوکم بە دڵێکی پڕ لە ژانەوە بۆی دەگێڕاینەوە کە چۆن لە زیندانی (ئەمنی خاسەی کەرکوک) رووبەڕووی دڕندانەترین شێوازی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی بووبوونەوە.
لەو قۆناغەدا، ژیانی ئێمە بووبووە هاتوچۆی بەردەوامی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ سەردانی براکەم لە زیندان. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ساڵی 1979، کاتێک سەدام حسێن بوو بە سەرۆککۆمار، بەو بۆنەیەوە لێبووردنێکی گشتی دەرچوو و براکەشمی گرتەوە و ئازاد کرا.
بڵێسەی یاخیبوون، سروودی نیشتمانی و سووتاندنی جەستە
سەرباری هەموو ئەو ئازارانە، قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیم بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. کاتێک لە قۆناغی ناوەندیدا بووم، نەیارانی گەلەکەمان وەک هەمیشە بە زۆرەملێ و بۆ پیشاندانی پێگەی خۆیان، ئێمەی خوێندکارانیان دەبرد بۆ رێپێوانە حزبییەکانیان. لە یەکێک لەو رێپێوانانەدا، من و هاوڕێم (لاولاو ئیبراهیم دزەیی)، بڕیارمان دا بێدەنگی بشکێنین و دەستمان کرد بە چڕینی سروودی نیشتمانی و حەماسی:
کوردستانە جێی شێرانە… دەبێت سەربکەوێت…
کۆڵمان نەدا و بە هەموو دەنگمان هاوارمان دەکرد. ئەو دەنگە بوو بە بڵێسەیەک ترسی لە دڵی خوێندکارەکانی تردا شکاند و هەمووان پێکەوە دەستیان کرد بە گوتنەوەی سروودەکە. لەو کات و ساتەدا، لە کایەی ئەو جۆشوخرۆشەدا، هیچ ترس و کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام تۆڵەی دەسەڵاتی فاشیست، خێرا بوو. بۆ بەیانییەکەی، کاتێک لە پۆلدا سەرقاڵی وانەخوێندن بووین، لە دەرگا درا، ناوی منیان خوێندەوە بۆ ئەوەی بچم بۆ ژووری (یەکێتیی خوێندکارانی بەعس – ئیتیحاد و تەلەبە)، قەت ئەو دیمەنەم بیرناچێتەوە مامۆستاکەم کە ناوی وەهبیە خان بوو (ئامۆزای کاک عەدنان موفتی بوو)، وەک بڵێی دەزانێت چ دۆزەخێک چاوەڕێم دەکات؛ بە دوو چاوی کەسک و پڕ لە فرمێسکەوە هاوسۆزانە تەماشای کردم.
کاتێک منیان بردە ئەوێ، لە ژوورەکەدا دوو پیاوی سمێڵزل و لچئەستووری رژێم دانیشتبوون. دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی توندوتیژ کرد؛ یەکێک بە جگەرەکەی دەستی، لە کاتێکدا ئەوی تریان قاچەکانمی توند گرتبوو، چەند شوێنێکی دەست و قاچمیان سووتاند. ئەو جێیانە هێشتا وەک شایەتێکی زیندوو لەسەر دەست و قاچم ماونەتەوە و شوێنەواریان ون نەبووە.
ئەو سووتاندن و ئەشکەنجەیە، باجی ئەو سروودە نیشتمانییە بوو کە لە رێپێوانەکەدا چڕیمان و بووینە هاندەری خوێندکارانی تر. بەو شێوازە و لەناو کڵپەی ئەو ئازارانەدا، بیروباوەڕی نەتەوەیی و سیاسیی من لە ریزی (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان)دا گەشەی کرد و پتر رەگی داکوتا. بیروباوەڕێک کە درێژەپێدەری رێچکە و خەباتی رەسەنی باوک و برا قارەمانەکەم بوو.
ساڵانی خوێندن و بزاوتنی خولیا ئەدەبییەکان
قۆناغەکانی خوێندنم، تەنیا وێستگەیەک نەبوون بۆ فێربوونی وانە کلاسیکییەکان، بەڵکوو دەستپێکی راستەقینەی دۆزینەوەی دەنگی خۆم و ناسنامە رۆشنبیرییەکەم بوون. لە خوێندنگەی ناوەندیی (گەلاوێژ)ەوە، هەنگاوم نا بۆ قۆناغێکی نوێ لە (دواناوەندیی هەولێری کچان)، ئەو خوێندنگە دێرینەی کە دەکەوتە بەرانبەر گردی مێژوویی قالینج ئاغا و خۆی لە خۆیدا کەشێکی پڕ لە ئیلهامی هەبوو.
لەو تەمەنە ئەفسووناوییەدا، سەکۆی چالاکییەکانی خوێندنگە بووە ماڵی دووەمم. لە کاتێکدا کچانی هاوتەمەنم خەریکی وانەکانیان بوون، من لە هەموو چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی خوێندنگەکەدا بە دەنگە زوڵاڵەکەم دەبوومە پێشکەشکار و عەریفی حەفلە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو سەکۆکانم بە خوێندنەوەی هۆنراوە دەهەژاند و لە هەموو چالاکییەکاندا ناوم لە ریزی پێشەوەی سەرکەوتوواندا بوو.
خولیا بۆ وشە و کتێب، سەرنجی بەڕێوەبەری دواناوەندیی هەولێر، (مامۆستا جەلالەت)ی راکێشا. ئەو کەسایەتییە پەروەردەییە، لێهاتوویی منی بەدی کرد و ئەرکی لێپرسراوێتیی کتێبخانەی خوێندنگەکەی پێ سپاردم. ئەوە تەنیا پۆستێکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکوو دەروازەیەک بوو بۆ مەلەکردن لە دەریای مەعریفەدا. بووبوومە پردی نێوان خوێندکارە خولیاکان و جیهانی کتێب، پرۆسەی خواستن و گەڕاندنەوە و رێنوێنیکردنی هەر هاوڕێیەک، کە تینووی خوێندنەوە بوو، لەژێر چاودێری و بە رێنوێنیی من ئەنجام دەدرا.
ئەو ساڵانە بناغەیەکی پتەویان بۆ عەشقە ئەبەدییە داڕشت، کە ئەمڕۆ لەنێوان دێڕی نووسینەکانمدا رەنگ دەداتەوە.
چرۆکردنی عەشق بۆ وشە؛ ژینگەی ماڵ و یەکەمین وێستگەی خوێندنەوە
عەشقی من بۆ دونیای خوێندنەوە و نووسین، حەزێکی کاتیی نەبوو، بەڵکوو لە تەمەنی منداڵیمەوە سەرچاوەی گرتبوو. لە باوەشی خێزانێکدا گەورە بووم، کە مەعریفە و هونەر تێیدا هەناسە بوو، بوونی خوشک و برای لە خۆم گەورەتر، کە خولیای نووسین و خوێندنەوە و هونەری شێوەکاری بوون، وای کرد بارودۆخی ناو ماڵەکەمان بەتەواوی بۆ گەشەکردنی من گونجاو و لەبار بێت. ماڵی ئێمە تەنیا شوێنی حەوانەوە نەبوو، بەڵکوو کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی تێدا بوو، کە بووبووە یەکەمین قوتابخانەی رۆشنبیریم.
لەو کەشە پڕ لە کتێبەدا، دەستم دایە یەکەمین کتێب و دەروازەی جیهانی خوێندنەوەم بە روودا کرایەوە. یەکەمین شاکار کە چاوەکانمی پێ دۆشیم، کتێبی ناوداری (داغستانی من) بوو، بە وەرگێڕانی قەڵەمە بێهاوتاکەی ئەدیبی پایەبەرز و خوالێخۆشبوو، مامۆستا عەزیز گەردی. دوای ئەویش ئەوەندەی یادەوەریم یارمەتیم بدات، گەشتەکەم لەگەڵ دونیای تەنز و واقیعی کۆمەڵایەتیدا دەستی پێ کرد لە رێگەی کتێبی (گێلەپیاو)ی نووسەری ناودار، عەزیز نەسینەوە.
چیرۆکی گەیشتنی کتێب و گۆڤارە نوێیەکان بۆ ماڵمان، چیرۆکێکی جوانی پڕ لە سۆز و خولیایە، لەسەر بنەمای رێککەوتن و دۆستایەتییەکی نێوان باوکم و ئەوان، هەر کتێب، یان گۆڤارێکی نوێ کە دەردەچوو، لە پەرتوکخانەی (مومتاز حەیدەری) بۆمان دادەنرا. دواتر پیاوێک هەبوو لە هەولێر بەناوی (مام شەوکەت)، بە پێ و بە کۆڵ، کە هەردەم کۆڵێکی بە پشتەوە بوو و بە پێ کتێبەکانی بۆ دەهێناینە ماڵێ. بەم شێوەیە لەنێوان دێڕەکانی کتێبخانەی ماڵەوە و ئەو لاپەڕە نوێیانەی مام شەوکەت دەیگەیاندنە دەستمان، تینوێتیی من بۆ مەعریفە دەشکا و بناغەی ئەو قەڵەمە دادەنرا کە دواتر بووە بەشێک لە ناسنامەی ژیانم.
پێنووسێک لە خزمەت نیشتماندا
بۆ من، کتێب تەنیا کەرەستەیەکی رۆشنبیری، یان هۆکارێک بۆ تێپەڕاندنی کات نەبوو، بەڵکوو کڵپە و بڵێسەی خەباتێکی نەتەوەیی بەردەوام بوو. لەبەر ئەوەی لە نێو خێزانێکی شۆڕشگێڕ، خەباتگێڕ و نەتەوەپەروەردا پەروەردە بووبووم، چەمکی ترس لە فەرهەنگی مندا بوونی نەبوو. لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەمدا، هەرچییەک لە توانامدا هەبووبێت و پێم کرابێت، بێ دوودڵی ئەنجامم داوە و هەرگیز درێخیم لێ نەکردووە.
ئەم پاشخانە نیشتمانییە قووڵە، رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر بەرهەم و نووسینەکانم هەبوو. قەڵەکەم تەنیا لە سنووری هۆنراوە، هەڵبەست و پەخشانی ئەدەبیدا نەیبەستەوە، بەڵکوو بووە زمانحاڵی بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی.
نووسینەکانم فراوان بوون بۆ بواری وتاری نەتەوەسازی، چەمکەکانی پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و شیکاری سیاسیی قووڵ…
هەمیشە هەوڵم داوە لە رێگەی دێڕەکانمەوە، هۆشیاری و بەئاگاییەکی رەخنەیی لە لای تاکی کورد دروست بکەم، تا بتوانێت لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی دەوروبەری تێبگات. بەشێکی گرنگی نووسینەکانم، تەرخان بوو بۆ خوێندنەوەی ئایندە و پێشبینیکردنی رووداوە سیاسییەکان پێش روودانیان. نەک وەک پێشبینییەکی سادە، بەڵکوو وەک نەخشەڕێگەیەکی یاسایی و ستراتیژی بۆ نەتەوەیەک کە شایستەی رەسەنبوون و سەربەخۆییە.
راپەڕین؛ رابەرایەتیکردنی ژنان و کاری حزبی و رێکخراوەیی
دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991، لە کاتێکدا هێشتا سێبەری شوومی رژێمی سەدام حسێن، لە نێوەندی شاری هەولێردا مابوو، لە قەزای شەقڵاوەوە شۆڕشێکی نوێم بەرپا کرد؛ قۆناغێکی نوێی خەباتم دەست پێ کرد بە دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان لە هەولێر، کۆیە، شەقڵاوە، هەریر و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری هەولێر. لە رێگەی هەڵمەتێکی دلێرانە و نیشتمانییەوە توانیم ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئازا، چاونەترس و ئازاد لە دەورەی ئەو قەوارەیە کۆ بکەمەوە. بۆ دەنگدانەوەی ئەو خەباتەش، گۆڤارێکی فکری و رۆشنبیریم بەناوی (گۆڤاری سێبەر) دەرکرد و سێ ژمارەم لێ بڵاو کردەوە. ناوی گۆڤارەکە، وەفادارییەک بوو بۆ یادەوەریی شەهید (سێبەر سلێوە شەماشە)، هاوسەری شەهید سۆران، (یەکەمین شەهیدی مەسیحیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خەڵکی عەینکاوە)، کە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی، لە دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر و منداڵ، داگیرکەر ئەنفالی کردن. دوای دەرچوونی ئەو سێ ژمارەیە، (کافیە خان) سەردانی ماڵمانی کرد لە شەقڵاوە و دواتر لەگەڵ تێکۆشەر (هێرۆ خان) کۆ بووینەوە و پێی راگەیاندم کە ئەوانیش بڵاوکراوەیەکی هاوشێوەیان هەیە بەناوی (تەوار) و پێویست بە گۆڤاری تر ناکات. بەڕاستی تووشی نائومێدی بووم و ئیتر هیچ ژمارەیەکی ترم لە گۆڤاری سێبەر دەرنەکرد.
هەر لە درێژەی کار و چالاکییەکانمدا، لەدوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991، شانبەشانی کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەکادیمی و نیشتمانپەروەری شاری هەولێر، شەرەفی بەشداریکردنم پێ بڕا لە دامەزراندنی (رێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان). لە نێو ئەو دەستەبژێرەدا، من تاکە ژن بووم کە بەشداریی کارام لە پرۆسەی دامەزراندنی ئەو قەوارە گرنگەدا هەبوو. لەو قۆناغە هەستیارەدا، سەرجەم توانا، هەوڵ و ئامادەیی خۆمم تەرخان کرد لەپێناو سەرخستنی ئەو رێکخراوە و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگەکەماندا، کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی لە پێشینەی کارەکانمدا تەماشام دەکرد.
یەکێک لە شانازییە گەورەکانی ژیانم لە کاروانی خەباتمدا، بەشداریکردنم بوو لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ساڵی 1992 لە شاری سلێمانی بەسترا و دواتر گواسترایەوە بۆ شاری هەولێر. کە زۆرترین دەنگم بەدەست هێنابوو و بووبوومە ئەندامی کۆنگرە.
چوونە ناو دونیای یاسا و دادپەروەری
لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا بووبوومە بووکی شاخ و هاوسەرگیرییەکەشم تەنیا لەپێناو خزمەتی دۆزی نەتەوەکەمدا بوو. لەو سەردەمەدا دەرفەتی چوونە کۆلێژم نەبوو، بەڵام دوای راپەڕین، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە گەڕامەوە سەر کورسیی خوێندن و لە کۆلێژی ماف وەرگیرام. پێش رووداوەکانی 31ی ئابی 1996، خوێندنی زانکۆم بەسەرکەوتوویی تەواو کرد و ناسنامەی پارێزەری فەرمیم لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان وەرگرت.
لە جیهانی پارێزەری و بەرگریکردن لە مافەکاندا، مێژوویەکی پڕ لە شانازیم تۆمار کرد؛ هێندە بەدڵسۆزی کارم دەکرد، هەرگیز هیچ موەکیل (بریگرتەیەک)، لە لای من بێئومێد نەدەبوو. لە ساڵانی 2010 و 2011 و 2012 وەک پارێزەرێک دەستنیشان کرام بۆ داکۆکیکردن لە ژنانی لێقەوماو و قوربانیانی توندوتیژی و خەڵکی هەژار و نەدار، کە پرۆژەیەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و بەتەنیا بەرپرسیارێتیی سەرجەم کێشە یاساییەکانی شێڵتەرەکانی سنووری هەولێرم لە ئەستۆ گرت و لە دادگاکان شەڕی مافەکانم دەکرد، لە ئەنجامدا توانیم دوو هەزار کەیس بەخۆڕایی و سەرکەوتوویی یەکلا بکەمەوە.
ئەو سەرکەوتنە دەنگدانەوەی نێودەوڵەتیی هەبوو، بەشێوەیەک، کە نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەی منی لەسەر بەرگی رۆژژمێر و بڵاوکراوە فەرمییەکانی خۆی چاپ کرد. هاوکات لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە وەک راهێنەر هەڵبژێردرام بۆ وانەوتنەوە لەو خولانەی راهێنان کە بۆ ئەفسەرانی بنکەکانی پۆلیس دەکرانەوە.
ترۆپکی شانازی؛ خزمەتکردن بە دۆزی ئەنفال و دادپەروەری
هەمیشە خۆم بە ژنێکی تەواو ئازاد و سەربەخۆ زانیوە، باوەڕی تەواوم وا بوو کە دەبێت هێزی مێشک و بیرکردنەوەی خۆم سەروەرم بێت. نەک رووداوە کاتییەکانی دەوروبەرم، چونکە هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم کە گەردوون بە من ناگۆڕدرێت، بەڵکوو ئەوە منم کە دەبێت مێژووی خۆم و دەوروبەرم بنووسمەوە.
لە روانگەی باوەڕی نەگۆڕم بە دادپەروەری و وەک بەشێک لە پەیامی پیرۆزی پیشەی پارێزەریم، بەشانازییەوە کەیسی قوربانیانی ئەنفالم بە شێوازێکی خۆبەخشانە گرتە ئەستۆ. لە دادگاییەکردنی سەدام حسێن و سەرانی رژێم و تاوانبارانی ئەنفالدا، رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەرم گێڕا، بە پشتبەستن بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە جینۆساید، توانیم لەبەردەم دادگادا رەهەندە یاسایی و مرۆییەکانی ئەو تاوانە گەورەیە بسەلمێنم و ببمە دەنگی کپکراوی قوربانیان.
بۆ ئەوەی ئەو مێژووە لە لەبیرچوونەوە بپارێزرێت؛ سەرجەم پیلانە شاراوەکان و نهێنییەکانی پشت پەردەی ئەو دادگاییکردنە مێژووییەم لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (پاسەوانی سێبەرەکان: نهێنییەکانی دادگای ئەنفال و پیلانە شاراوەکان) بە چاپ گەیاند و بڵاو کردەوە. تاوەکوو وەک بەڵگەنامەیەکی زیندووی مێژوویی و راستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ نەوەکانی داهاتوومان بمێنێتەوە.
لە ساڵی 2007 لەلایەن سەنتەری عەدالەی جیهانی، خەڵاتی ساڵانەی ناوەندەکەم پێ بەخشرا، وەک ژنی ساڵی جیهانی، بۆ داکۆکی لە ژنانی ئەنفال و بردنەپێشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی جینۆساید.
لەو قۆناغەدا، تەواوی وزە و سەرنجی خۆم تەرخان کرد بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ستراتیژی، کە ئامانجی سەرەکی گواستنەوەی دۆزی گەلی کوردە لە چوارچێوەی ناوخۆیی و ململانێ حزبییەکانەوە بۆ کایە نێودەوڵەتییەکان. ئەو پرۆژەیە کار لەسەر بەجیهانیکردنی دۆسیەی ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەکات. هاوتەریب لەگەڵ گۆڕینی پێناسەی یاسایی لە (کەمینەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە) بۆ (گەلانی رەسەن و مێژوویی، بەتایبەت لەسەر خاکی خۆیان). ئەوەش بە پشتبەستن بە جاڕنامە و بڕیارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، (UNDRIP) جاڕنامەی مافەکانی گەلانی رەسەن.
بۆ بەدیهێنانی ئەو دەستکەوتە مێژووییانە، لە رێگەی ئامرازە یاساییەکان: دیپلۆماسیی فەرمی و میکانیزمەکانی نەتەوەسازی کار دەکەم تاوەکوو بتوانین پێگەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتیی پۆڵایین (Track ll Diplomacy) (دیپلۆماسیی سێبەر) بۆ مافە رەواکانی نەتەوەکەمان دەستەبەر بکەین.
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
ر.س