مەودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت “چەكی ئەتۆمی دژی ئێران بەكارناهێنن و هێزی زەمینی ئەمەریكیش لە ناو خاكی ئێراندا بە هیچ شێوەیەك بوونی نییە.
ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە “وڵاتەكەی ناچار نییە چەكی ئەتۆمی دژی ئێران بەكاربهێنێت، ئەوەشی كە بە دایكی بۆمبەكان ناسراوە چەكێكی ئەتۆمی نییە”، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو راپۆرتانەی كە باسیان لە ئەگەری بەكارهێنانی ئەو چەكە دەكرد لە رووبەڕووبوونەوەكاندا لەگەڵ تاران.
باسی لەوەش كرد “ئێران داوای راگرتنی هێرشەكانی لە ئەمەریكای كردووە و تا ئێستاش هێشتا دانوستانەكان بەردەوامن”.
سەبارەت بە دۆسیەی روسیا و ئۆكرانیاش، ترەمپ رایگەیاند “سەرۆكی ئۆكرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی كەسێكی باش نییە بۆ مامەڵەكردن و نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ روسیا”.
ئاماژەی بەوەشكرد “هێرشەكانی ئۆكرانیا بۆ سەر پاڵاوگەكانی نەوتی روسیا یەكێكە لە هۆكارەكان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا”.
سەرۆكی ئەمەریكا پێیوایە “دوژمنایەتی كەسی نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا گەیشتن بە رێككەوتن زۆر ئەستەم دەكات”.
ئ پ