پێشبینی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی زێڕ دەكرێت

مەودا میدیا-
شارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێشبینی دەكەن لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا نرخی زێڕ ئاستی پێوانەیی نوێ تۆمار بكات، ئەویش بەهۆی بەردەوامبوونی كڕینی زێڕ لەلایەن بانكی ناوەندی، پەرەسەندنی ئاڵۆزییە جیۆستراتیژییەكان و زیادبوونی نیگەرانییەكان سەبارەت بە قەرزە حكومییە جیهانییەكان.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “پێشبینی دەكرێت خواست لەسەر ئەو كانزا بەنرخە لە ماوەی داهاتوو یان درێژخایەندا زۆر زیاتر ببێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سامانەكانیان و خۆپاراستن لە ئاڵۆزییە جیۆستراتیژی و ئابوورییەكان، لەگەڵ زیادبوونی دڵەڕاوكێ لە بازاڕە داراییەكاندا، خواستیان لەسەر كانزاكە زیاتر دەبێت”.

وتیشی “بەكارهێنانی دۆلار وەك ئامرازێك بۆ فشارخستنە سەر سیاسەت دەكرێت ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتەكان و وەبەرهێنەران پشتبەستن بەو دراوە كەم بكەنەوە و بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن، كە باشترین جێگرەوەش زێڕە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “بەپێی داتاكان چین بەردەوامە لە بەهێزكردنەوەی یەدەگی خۆی لە زێڕدا بە جۆرێك كە پاشەكەوتەكانی بانكی گەلی چین گەیشتووەتە نزیكەی 2,410 تۆن زێڕ، كە بەپێی داتاكانی ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ دەكاتە 9%ی كۆی یەدەگی جیهانی”.

ئەوەش لە كاتێدایە كە ئێستا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەكانی جیهاندا 4,165 دۆلارە.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان