مەودا میدیا-
سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد قۆناغی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ گرەنتىی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ی عیراق.
ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رایگەیاند “بڕیارە لەم هەفتەیەدا دانووستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەستپێبکەنەوە، کە هێشتا دانووستانەکان لە قۆناغی رەشنووسى پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدان نەک پڕۆژەياسای پەسەندکراو”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەم ڕەشنووسە کاتێک دەبێتە پڕۆژەیاسا کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، ئێستا ئاسانترین و گونجاوترین دەرفەتە بۆ رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان بە 14.14% و گرەنتى ماف و شایستە داراییەکان”.
ئەوەشی خستەڕوو “گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە بەپێی دەستوور و یاساکان، دەسەڵاتی پەرلەمان لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنووردارە، دەتوانێت تەنها گواستنەوە و کەمکردنەوە بکات، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتیی خەرجییەکان دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاردان”.
ب ح