مهودا میدیا-
سهندیكاى پارێزهرانى كوردستان دهڵێت، ئهندامێكى سهندیكاكهمان چهكى بردووهته ناو هۆڵى دادگایی و بههۆیهوه شهڕ و دهمهقاڵى دروستبووه و ویستویهتى پشێویی دروست بكات.
بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانەوە
بەداخەوە ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتى 18-10-2026 پارێزەر (ی.ز.م) ئەندامى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، دوور لە ئیتیک و پابەندى پارێزەرایەتى، بەشێوەیەکى نایاساییى و بە دەرفەت وەرگرتن لە مامەڵەکردنى شایستانەى دەسەڵاتى دادوەریى لەگەڵ پارێزەران، کە پارێزەران بەشێکن لە خێزانى دادوەریى و لەکاتى چوونە ژوورەوەى دادگا ناپشکنرێت، ئەو هەلەى قۆستۆتەوە و دەمانچەى بردۆتە ناو دادگا. دواتر لەگەڵ پارێزەرێکى هاوپیشەى خۆى دەمەقاڵێى کردووە و رەفتارى دوور لە پارێزەرایەتى نواندووە و وێراى ئەوەش لەگەڵ ئەفسەرى بنکەى پۆلیسى دادگا بەهەمان شێوە هەڵسوکەوتى ناشایستە بە پیرۆزى پیشەى پارێزەرایەتیى نواندووە و دەمانچەى دەرهێناوە.
ئێمە لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بە تەواوى نیگەرانین لەو رەفتارەى پارێزەرى ناوبراو کە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیى راستەقینەى پارێزەرانى خۆشەویست ناکات، کە رۆژانە وەک ئەندامى خێزانى دادوەریى و توێژێکى گرینگى کۆمەڵگا، کارى خۆیان بە جوانترین شێوە لەچوارچێوەى یاسا ئەنجام دەدەن و کۆڵەگەى سەرەکى جێبەجێکردنى یاسان.
کەس لە سەرووى یاساوە نییە و وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، هاوکارى دەسەڵاتى دادوەریى و جێبەجێکردن دەبین بۆ رێکارى یاساییى و ئێمەش لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لە کۆبوونەوەى داهاتووى سەندیکا رێکارى پیشەییى دەرحەق بە پارێزەرى ناوبراو وەردەگرین.
جەخت لەوەش دەکەینەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک رەفتارێکى تاکلایەنەى کەسێکى نابەرپرس، گشتگیر بکرێت و بەهۆیەوە پارێزەرانى دیکە تێیدا زەرەرمەند بن.
لەپێناوى پاراستنى سەلامەتیى و پاراستنى گیانى هاووڵاتییانیش، بۆ هیچ کەسێک نییە، بە چەکەوە، بچێتە ناو هیچ دادگایەک و فەرمانگەیەکى دەسەڵاتى دادوەریى و جێبەجێکردن، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتى هەڵگرتنى چەکیشى هەبێت.
هەموومان بۆ سەروەریى یاسا و هێمنى و سەقامگیریى تەواوکەرى یەکترین.
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان
ع