ئەمەریكا داتای قوربانییەكانی شەڕ دژی ئێران دەشارێتەوە

مەودا میدیا-
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆست ژمارەی قوربانییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە شەڕ لەگەڵ ئێران لەو ئامارانە زۆر زیاترە كە پنتاگۆن بە رەسمی رایانگەیاندبوو.

رۆژنامەكە بە ئاماژەدان بە شەش بەرپرسی ئەمەریكی كە ئاشنان بە داتای قوربانیانی ناوخۆیی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، بڵاویكردووەتەوە كە پێنج لەو كەسانە كوژرانی لانیكەم 22 ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمەریكییان پشتڕاستكردووەتەوە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەكە لە28ی شوباتەوە، كە چوار زیاترە لەو ژمارەیەی كە لە داتابەیسی گشتی پنتاگۆن تۆماركراوە.

بەرپرسی شەشەمیش ئاماژەی بەوەداوە كە “ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 23 كەس، بەڵام هەندێك لەو كوژراوانەی كە راپۆرت نەكراون پەیوەندییان بە شەڕەوە نییە، بەڵكو پەیوەندییان بە ئەندامانی خزمەتگوزاریی ئەمەریكییەوە هەیە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیربوون لەناو شەڕە بەردەوامەكاندا”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكردووە” لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانەوە، سێ بەڵێندەری ئەمەریكی كە لە ناوچەكە جێگیر بوون، گیانیان لەدەستداوە”.

جگە لەوەش وردەكارییەكان سەبارەت بەو مردنانەی كە لە لیستەكەدا نەنووسراون لەوانەش ناسنامەی مردووەكان، هەروەها كات و شوێن و بارودۆخی مردنیان، تا ئێستا روون نییە.

گرنگی تۆماركردنی مردنی سەربازی چییە؟

تۆماركردنی وردی مردنە سەربازییەكان لە دەرەوەی بازنەی شەفافیەتی گشتی گرنگە، سوپای ئەمەریكا لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی مردنی هەر ئەندامێكی خزمەت دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لە كاتی ئەنجامدانی ئەركە رەسمییەكاندا روویداوە یان نا. دۆزینەوەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیانە كاریگەرییان لەسەر ئەو یارمەتییانە هەیە كە خێزانی ئەندامانی خزمەتگوزاریی مردووەكان وەریدەگرن.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەشكردووە” پنتاگۆن لە مانگی شوباتەوە بە جیا مردنی دوو ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمەریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاندووە، مردنەكان لە كاتی ئەركەكاندا روویانداوە كە پەیوەندییان بە شەڕەوە لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام ناوەكانیان لە لیستی قوربانییەكان دەرناكەوێت.

داتاكانی پنتاگۆن ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە 280 ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمەریكی لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەكەوە بریندار بوون، ژمارەیەكیان تووشی برینداربوونی توندی مێشك بوون كە لە ئەنجامی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.
رۆژنامەكە دەڵێت، دیموكراتەكانی ئەنجومەنی پیران بەڵێنیان داوە لێكۆڵینەوە لە مامەڵەكردنی پنتاگۆن لەگەڵ ئاگاداركردنەوەكانی مردن بكەن ئەگەر زۆرینە بەدەستبهێننەوە دوای هەڵبژاردنەكان.

سەرەڕای ئەوەش، چەندین یاسادانەری دیموكراتەكان كە هەموویان ئەندامی دێرینی ئەو حزبەن، پلانەكانیان بۆ داڕشتنی یاسایەك راگەیاند كە رێگری دەكات لە دەستكاریكردنی داتاكانی حكومەت سەبارەت بە سەربازە قوربانییەكان لەلایەن پنتاگۆنەوە.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان