پلەی گەرما بە رێژەیەكی زۆر نزم دەبێتەوە

مەودا میدیا-
بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایانی كەشناسی، ئەمڕۆ و سبەی پلەكانی گەرما بە رێژەیەكی زۆر نزم دەبنەوە و تاوەبارانی كورتخایەن دەبارێت لەگەڵ روودانی هەورەبروسكەی بەهێز.

پشتیوان پێنجوێنی شارەزای بواری كەشناسی بە مەودا میدیای راگەیاند” ئەمڕۆ و سبەی بارستەهەوایەكی سارد روودەكاتە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو بە رێژەی شەش پلە نزم دەبنەوە”.

وتیشی” بەهۆی هاتنی ئەو بارستەهەوایەوە بۆ ماوەیەكی كاتی كەشوهەوا فێنك دەبێتەوەو كۆتایی بە گەرمای رۆژانی رابردوو دێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” ئاسمانی ناوچەكە بەگشتی ساماڵ و پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و مەودای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە لە ناوچە شاخاوییەكان و هەندێك ناوچەی جیا،جیا هەندێك كات ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و تاوەبارانی كورتخایەن دەبارێت لەگەڵ روودانی هەورەگرمە و هەورەبروسكەی بەهێز”.

باسی لەوەشكرد” ئەم چەند رۆژە بە گشتی ئاسمان ناڕوون دەبێت و هەندێك كات خۆڵ دەبارێت، بەو هۆیەشەوە ئەو كاتانەی كە باران دەبارێت بارانێكی قوڕاوی دەبێت”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان