مەودا میدیا-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی لەوە كردەوە “ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە هاوینی رابردوودا كات بەفیڕۆدان بووە و بێسوود بووە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی ئێستایان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە نزیكترین كاتدا كۆتایی پێدێت”.
سەبارەت بە سەرهەڵدانی جەنگ لەگەڵ ئێران ترەمپ وتی “ئەمەریكا هیچ هەڵبژاردنێكی تری نەبوو، بەڵكو دەبوا ئەمە زووتر بكرایە، ئەوەی ئێستاش روودەدات زۆر بە زوویی كۆتایی پێدێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “رێگامان بە ژمارەیەكی كەم كەشتی دا كە بە گەروی هورمزدا تێپەڕن، چونكە ئێمە دەمانەوێت باش بین، بەڵام بەو جۆرەی من دەزانم، ئەوە كات بەفیڕۆدان بوو”.
لێدوانەكانی ترەمپ لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنگرانی پارتی كۆماری لە شاری كۆرینسی ویلایەتی ڤیرجینیا هات، پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی كۆنگرێس كە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.
هەروەها لێدوانەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە كە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن بۆ دوركەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی بەرفراوان، چونكە تاران رۆژی دووشەممە میوانداری گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە، پاكستان و توركیا كرد، بە ئامانجی كەمكردنەوەی گرژی و كردنەوەی كەناڵەكانی گفتوگۆ.
لە لایەكی تریشەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر جەختی كردبووەوە لەسەر بەردەوامی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ واشنتۆن لە رێگەی ناوچەییەوە و وتی”ئەمەریكا هەوڵ دەدات مەرج بۆ پێشنیارەكانی ئێران زیاد بكات سەبارەت بە ئاگربەست و كردنەوەی گەروی هورمزەوە”.
ئ پ