مەودا میدیا-
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق ئاشکرایکرد پێشمەرگە وەک هاوبەشێکی سەرەکی، خاوەنی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی و کارایە لە نێو گرنگترین ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەمنیی لە وڵاتدا.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند “هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی پێشمەرگە لە رێگەی نوێنەرایەتیی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی و لیژنە باڵاکان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هەماهەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە بڵاوەپێکردنی دوو لیوای هاوبەش خۆی دەبینێتەوە، لەپێناو پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی جێگەی گرنگیی ئەمنین لە پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش”.
ئەوەشی خستەڕوو “دوو فەرمانی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ناوەندی بە سەرۆکایەتیی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە دەستی دەوڵەتدا”.
ب ح