ئیڤانۆ عەبدوڵڵا
ئێوە…
ئەی ئەوانەی لە پشت مایکرۆفۆنە ساردەکانەوە
پاسپۆرتی نیشتمانتان بە باڵای شیعرەکانمدا دەبڕی،
ئەی ئەوانەی لەسەر تەختەی شانۆکاندا،
بۆ مافی ژن
دەبوونە چەقۆ و
سنگی شەوتان پێ لەت دەکرد،
من ئێوەم ناسی…
من ئێوەم لە ژێر تیشکی لایتە پڕ لە درۆکاندا ناسی،
کاتێک هاوارتان دەکرد: (کوردستان)
لەسەر ستەیج، ئێوە پاڵەوانی ئەفسانە بوون،
قژتان پڕ بوو لە بۆنی بارووت و
پیتەکانتان پڕ بوو لە هاواری ئەنفال و
فرمێسکی دایکانی شەهید.
بەڵام کاتێک پەردەکە داخرایەوە…
کاتێک رووناکییەکان کوژانەوە…
ماسکە رەنگاوڕەنگەکانتان لەگەڵ چەپڵەی جەماوەردا کێشای بە زەویدا،
تۆز و با بوون،
بۆشاییەکی گەورە بوون لە نێوان دوو دەقدا…
تۆ بێیت و باسی “ژن” بکەیت و
لە پشت پەردەشەوە،
بە پێکەنینێکی نێرگسیانەی ساردەوە،
دڵی کچێکی تینوو بە راستگۆیی بشکێنیت؟
تۆ بێیت و لەسەر ستەیج ببیتە پێغەمبەری مافەکان و
لە ژیانی راستەقینەشدا،
بێ هیچ هۆکارێک، لە پڕ بێدەنگ بیت و
مەودایەک لە نێوان خۆت و مرۆڤەکاندا جێبهێڵیت،
بێ ئەوەی ئاوڕێک بدەیتەوە و بڵێیت:
“ئەو دڵەی لە ژێر پێڵاوەکانمدا ورد و خاش بوو، دڵی مرۆڤ بوو…
ئەمە هونەر نییە…
ئەمە شانۆی سەر لێشێواوانە!
هونەر ئەبوو وەک تاقانە دارەکەی (گۆیژە)بێت،
لە ناو زریاندا رابوەستێ و سێبەر ببەخشێت،
نەک ببێتە بازرگانێکی چاوچنۆک
لە بازاڕی درووشمە باوەکانی سەردەمدا.
ئەی دڵە شاوێشکەییەکەی میللەت….
مەگرین بۆ کۆچی ئەوانەی..
تەنها ئەکتەری نمایشێکی کاتی بوون.
ئەوان لەسەر ستەیج گەورەن و
لە ژێر پێی راستگۆییدا، مێروولەیەکی بچووکن.
با پەردەکە دابخرێتەوە،
با تیشکی لایتەکان بکوژێتەوە،
ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها خۆڵەمێشی درۆکانی خۆیانە،
و دڵە خاوێنەکەی ئێوە،
کە هێشتاش دەتوانێت..
بە بێ ماسک، مرۆڤ بێت..