هۆكاری دوورخستنەوەی وتەبێژە پێنج رۆژییەكەی كۆشكی سپی ئاشكرا دەكرێت

مەودا میدیا-
كیتی زەكەریا، وتەبێژی كۆشكی سپی رۆژی هەینی دوای تەنها پێنج رۆژ لە دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، ئەوەش لە دوای رەخنەلێگرتنی لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لەسەر ئاستی لێهاتووییەكەی و دروستبوونی پرسیار سەبارەت بە مەرج و بڕوانامە یاساییەكانی.

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە “رۆژی هەینی، كیتی زەكەریا، وتەبێژی كۆشكی سپی، پۆستەكەی بەجێهێشتووە، ئەوەش كەمتر لە هەفتەیەك دوای ئەوەی لەلایەن دوناڵد ترەمپەوە دیاری كرابوو، ئەمەش لە پاش ئەو مشتومڕەی كە لەسەر توانا پیشەییەكانی دروست بوو و ئەو رەخنانەی ئاراستەی كرا لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا”.

وتەبێژەكە دوای یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانیی لە رۆژی سێشەممەدا رووبەڕووی رەخنە بووەوە، لەبەر ئەوەی ماوەی كۆنگرەكەی تەنها نزیكەی 14 خولەكی خایاند، هەروەها رووبەڕووی پرسیار بووەوە سەبارەت بە ناساندنی خۆی وەك پارێزەرێك لە كاتێكدا دانی بەوەدا نا كە تاقیكردنەوەی سەندیكای پارێزەرانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان نەبڕیوە.

لەلایەكی تریشەوە رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندبوو “ئەو ئامۆژگاریی زەكەریای كردووە كە دووبارە بیر لە بەردەوامبوون لە پۆستەكە بكاتەوە، چونكە پێیوایە رووبەڕووی مامەڵەیەكی توند بووەتەوە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە”.

دۆناڵد ترەمپ لە 9ی تشرینی یەكەمدا كیتی زەكەریای وەك جێگرەوەی كارۆلین لێڤیت دەستنیشان كردبوو، دوای ئەوەی لە بواری پەیوەندییەكان لە كۆمپانیای “ترەمپ میدیا” كاری كردبوو.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان